ئاژانسی فه‌رمی ده‌نگ و باسی سوریا ده‌ڵێت حکومه‌تی وڵاته‌که و نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر ناردنی تیمێکی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان بۆ شاری حه‌ڵه‌ب له باکوری سوریا.
"سانا"ده‌ڵێت ئه‌م بڕیاره‌ی دره‌نگانێکی ڕۆژی شه‌ممه پاش وتووێژه‌کانی دیمه‌شق بوو له نێوان وه‌لید ئه‌لموعه‌لیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا و ستیڤان دی مه‌ستورا نێردراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌کی به واده‌ی ده‌ستپێکردنی ئه‌م ئه‌رکه‌ی تیمی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نه‌کردووه.
دی مه‌ستورا له هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی ئاگربه‌ستدایه له شاری حه‌ڵه‌ب که شه‌ڕ و شۆڕێکی زۆری تیادایه و بۆته دوو به‌شه‌وه له نێوان حکومه‌تی سوریا و سه‌رهه‌ڵداوانی وڵاته‌که‌دا وه وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌می ئه‌و هه‌وڵه‌ی بیر له ئاگربه‌ستێکی خۆجێی ده‌کاته‌وه به ئاڕاسته‌ی هێورکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که.
ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت حکومه‌تی سوریا قایل بووه به ڕاگرتنی هێرشه ئاسمانیه‌کان و هه‌روه‌هاش ڕاگرتنی تۆپباران بۆ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته.
هێشتاش نێردراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان پێویستی به پشتیوانی ئۆپزسیۆنی چه‌کداری وڵاته‌که هه‌یه بۆ ئه‌م پلانه‌ی.