Accessibility links

هێزەکانى حەشدى شەعبى بە درێژایى 500 کیلۆمەتر لە ناوچەکانى نێوان و هەرێم و عێراق بڵاوەیان پێکراوە


هێزەکانى حەشدى شەعبى بە درێژایى 500 کیلۆمەتر لە ناوچە سنوریـیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق بڵاوبوونەتەوە و بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیش ئەو هێزە بە مەترسى دەزانن بۆ سەر ئاسایشى ناوچە دابڕاوەکان.

بڵاوبوونەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبى لە پارێزگاکانى ( دیالە، سەڵاحەدین و کەرکوک و ناوچەکانى تر) ، مەترسى لاى فەرماندە سەربازیـیەکانى هێزى پێشمەرگە دروستکردووە ، بەوەى دواى کۆتایى هاتنى شەڕى داعش ئەو هێزە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى ناوچە جێناکۆکەکان بدات.

مەحمود عومەر ئەندامى لیژنەى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بڵاوبوونەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبى لە ناوچە دابڕاوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، بە مەترسى دەزانین چونکە ئەو ناوچانە ناوچەى گەرمن."

هێزەکانى حەشدى شەعبى بە بیانووى بەرەنگاربوونەوەى داعش رۆیشتوونەتە ناوچە دابراوەکان و لە ناوچە گەرمەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بڵاوەیانکردووە، لە ئێستادا ناحیەى سەعدیەیان لە پارێزگاى دیالە بە تەواوەتى کۆنترۆڵکردووە و هێزیشیان بردووەتە ناو ناحیەى جەلەولا.

لیوا ئیسماعیل سەرحان فەرماندەى هێزى پێشمەرگە لە پارێزگاى دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رێگە ناده‌ین حەشدى شەعبى هێزى زیاتر بهێننە ناوچەکە."

هەرچەندە هه‌تا ئێستا لە ناوچەکانى کەرکوک و دیالە شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى رووینەداوە، بەڵام لە قەزاى خورماتووى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین چەند جارێک شەڕ روویداوە و بەو هۆیەوە کوژراو و بریندار لە هەردوولا هەبوون.

مەلا کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەکێتى، دەڵێت"هێزەکانى پێشمەرگە بەراورد بە حەشدى شەعبى ژمارەیان زۆر زیاترە لە خورماتوو ، بۆیە هەر کات بمانەوێت سنوریان بۆ دادەنێین."

لە پارێزگاى کەرکوکیش هێزەکانى حەشدى شەعبى هێزیان بردووەتە قەزاى داقوق و ناحیەى تازە ، بەڵام هه‌تا ئێستا رێگەیان پێنەدراوە بچنە نێو شارى کەرکوکەوە، ئەگەرچى فەرماندە باڵاکانیان لە هەوڵدان بۆ ئەوەى رێگەیان پێبدرێت بچنە ناو شارەکەوە.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزا و ناحیەکانى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" لەئێستادا پێشمەرگە و حەشدى شەعبى شانبەشانى یەک لە دژى داعش دەجەنگن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێگەیان پێنەدراوە بڕۆنە نێو شارى کەرکوکەوە."

بڵاوبوونەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبى کە لە چەکدارى خۆبەخشى شیعە پێکهاتوون، لە ناوچە گەرمەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، مەترسى ئەوەى دروستکردووە دواى کۆتایى هاتنى شەڕى داعش، ئەو هێزە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى ناوچە دابڕاوەکان بدەن کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگەدان.

XS
SM
MD
LG