Accessibility links

مەترسى ئەنجامدانى کۆمەڵکوژیەکى گەورە لە تکریت لە ئارادایە


میلیشیا شیعەکان ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەنجامدانى هێرشێکى گەورە و فراوان بۆ سەر شارى تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەڵاحەدین و لایەنە سونەکانیش ترسى ڕوودانى کۆمەڵکوژیەکى گەورەیان لەو شارە هەیە.

دکتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارە شیعەکان هێزێکى زۆریان لە پارێزگاى سەڵاحەدین کۆکردووەتەوە و دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر شارى تکریت ، کە چاوەروان دەکرێت شەڕێکى قورس لەو شارە ڕووبدات."

ناوبراو دەڵێت"چەکدارەکانى داعشیش لەناو شارى تکریت خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى چەکدارە شیعەکان ئامادە کردووە و زۆربەى شوێنە گشتیەکانیان بۆمب رێژکردووە."

میلیشیا شیعەکان لە ئێستادا هێزێکى زۆریان لە ناوچەکانى(زلوعیە ، دۆر ، دوجێل و سامەڕا) کۆکردووەتەوە ، دەیانەوێت لەو ناوچانەوە هێرشى فراوان بۆ سەر شارى تکریت دەستپـێبکەن.

لایەنە سونەکانیش لەوە دەترسن دانیشتوانى تکریت لەلایەن چەکدارە شیعەکانەوە کۆمەڵکوژ بکرێن ، ئەمەش وەکو تۆڵەکردنەوەى ڕووداوەکەى سەربازگەى سپایکەر لە تکریت کە چەکدارەکانى داعش زیاتر لە هەزار سەربازى شیعەیان لەو سەربازگەیە کوشت.

دکتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پـێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین وتى"سونەکان خۆیان دەیانەوێت بەشداربن لە هێرشکردنە سەر تکریت، بۆ ئەوەى لە حاڵەتى چوونە نێو شارەکەدا چەکدارەکان دانیشتوانە سونەکەى تکریت کۆمەڵکوژ نەکەن."

هاوکات شاخەوان کەرکوکى ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشبینى دەکرێت لەناو شارى تکریت کۆمەڵکوژى گەورە ڕوو بدات، چونکە شیعەکان دەیانەوێت تۆڵەى رووداوەکەى سەربازگەى سپایکەر بکەنەوە."

ئامادەکارى چەکدارە شیعەکان بۆ هێرشکردنە سەر تکریت، لە کاتێکدایە ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لەناو ئەو شارە گەمارۆ دراون بۆیە پێشبینى دەکرێت شەر و کوشتارى گەورە لەو شارە رووبدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:33 0:00

XS
SM
MD
LG