Accessibility links

ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌به‌رده‌م ماڵی باڵیۆزی ئێران بۆ ته‌رابولس

  • VOA News

کاربه‌ده‌ستێکی ئاسایشی له‌ لیبیا ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵی باڵێۆزی ئێران له‌ وڵاته‌که‌دا ڕوویداوه‌ له‌ ته‌رابولسی پایته‌خت و زیانێکی که‌می داوه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ چۆڵکراوه‌که‌.

ئه‌م کاربه‌ده‌سته‌ ئاسایشیه‌ ده‌ڵێت ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه‌ به‌ به‌کارهێنانی که‌ره‌سته‌ و مه‌تریاڵی پێشکه‌وتوو ئه‌نجام دراوه‌ که‌ له‌ناو خۆڵ و خاشاکی به‌رده‌م ماڵی باڵیۆزی ئێرانیدا له‌ناوجه‌رگه‌ی ته‌رابولسدا دانرابوو.

میلیشیاکانی هاوسۆزی ڕێکخراوی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ڕاگه‌یاندووه‌.

ئه‌م کاربه‌ده‌سته‌ به‌و مه‌رجه‌ی ناوی نه‌هێنرێت به‌ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێسی گووتووه‌ له‌ ئاکامی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ که‌ پایته‌ختی وڵاته‌که‌ی له‌رانده‌وه‌، هیچ زیانێکی گیانی نه‌بووه‌.

ده‌مڕاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕه‌زایی وڵاته‌که‌ی ده‌ربڕیوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ته‌قینه‌وه‌که‌.

لیبیا له‌ قه‌یراندایه‌ به‌هۆی دوو حکومه‌تیه‌وه‌ که‌ یه‌کێکیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌دایه‌ و ئه‌وی تریشیان له‌ ته‌رابولس و له‌م نێوه‌نده‌شدا توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان له‌ په‌ره‌سه‌ندندان له‌م وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وته‌دا.

زۆربه‌ی حکومه‌ته‌کانی وڵاتانی ڕۆژئاوا باڵیۆزخانه‌کانی خۆیانیان له‌ لیبیا داخستووه‌ هاوکاتی هه‌روادێ و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژیه‌کان.

XS
SM
MD
LG