به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی ئۆباما میوانداره‌تی کۆبونه‌وه‌ی" لوتکه‌یی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌ی توندڕه‌ویی توندوتیژانه" ده‌ست پێکردووه به به‌شداری نوێنه‌ران و کاربه‌ده‌ستانی 60 وڵاتان. سه‌رۆک ئۆباما به هیوای دۆزینه‌وه‌ی رێگاکانه بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توندڕه‌ویی توندوتیژانه .
له ناو ئه‌مریکا، ره‌خنه له سه‌رۆک ئۆباما گیراوه که بۆچی به ئاشکرا باس له "توندڕه‌ویی ئیسلامی" ناکات که گروپه توندڕه‌وه‌کان به تایبه‌تی گروپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به داعش ده‌ستی له کرداری دڕندانه‌ی توندوتیژانه داوه.
مۆعته‌به‌ر شێراونی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی له‌گه‌ڵ میوانه‌کان باس کردووه: عوسامه جه‌میل رۆژنامه‌وان و هه‌ڵگورد حیکمه‌ت به‌رپرسی گشتی راگه‌یاندن له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
عوسامه جه‌میل ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێڕاق(لیستی یه‌کگرتوو) ده‌ڵێت گرفتی توندڕه‌ویی به‌رۆکی جیهانی ئیسلامی گرتووه و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی ولایه‌نی تر له هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت بتوانن ئه‌وه بسه‌لمێنن بۆ خه‌ڵک که ئه‌وان دژی توندڕه‌وین و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک توندڕه‌ویی ئیسلامی ره‌ت ده‌که‌نه‌وه و دژی ده‌وه‌ستنه‌وه.
هه‌ڵگورد حیکمه‌ت ده‌ڵێت پێویسته زانایانی ئیسلام و گه‌لی موسوڵمان خۆی دابڕێت له‌م فه‌لسه‌فه‌ی توندووتیژی که ئێستا خه‌ریکه ده‌بیته شوناسی ئیسلام. ئه‌و ده‌شڵێت پێویسته وڵاتانی ئیسلامی ده‌ست پێشخه‌ری بکه‌ن و دینی ئیسلام جارێکی تر فۆرمۆڵه بکه‌نه‌وه یانیش خاوێنی بکه‌نه‌وه له‌و توندوتیژییه‌ی ئێستا ئاوێته‌ی بووه.