Accessibility links

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتان داوا لە لایەنە ئیسلامیەکان ده‌کات بە"فیکر" دژایەتى داعش بکەن


سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى دامەزراندنى یەکگرتووى ئیسلامیدا ، داوای لە لایەنە ئیسلامیەکانى هەرێمى کوردستان کرد لە رێگەى "فیکرەوە" دژایەتى داعش بکەن ، لایەنە ئیسلامیەکانیش دەڵێن"داواکاریـیەکەى بارزانى بەهەند وەردەگرن."

عومەر محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"حیزبەکەى هەر لە سەرەتاوە دژى فیکرى توندڕەوى بووە و دەیان هەزار گەنجیان لەسەر فیکرى میانڕەوى راهێناوە."

ناوبراو دەڵێت"جیهانبینى گروپە توندڕەوەکان جیهان بینیەکى داخراوە و لە برى بنیاتنان ، ژیان وێران دەکەن."

یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە لە ساڵى 1994 وەکو پارتێکى ئیسلامى میانڕەوى بێ چەک کاریکردووە، بە پێچەوانەى بزووتنەوەى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى کە هه‌تا ساڵى 2002 چەکداربوون.

شوان رابەر ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى، دەڵێت"ئێمەش وەکو کۆمەڵى ئیسلامى فیکرى توندڕەوى رەتدەکەینەوە و لە ئێستادا خەباتى مەدەنى و سیاسى دەکەین."

داواکاریـیەکى مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم لە لایەنە ئیسلامیەکان بۆ دژایەتیکرنى فیکرى توندڕەوى ، لە کاتێکدایە لە ئێستادا هەرێمى کوردستان لە شەڕێکى قورسدایە لەگەڵ داعش کە هێزێکى ئیسلامى تەکفیریە.

نورى حەمە عەلى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسیەکانى کوردستان بە ئیسلامى و عەلمانیەوە بەرەنگارى ناحەزانى کورد ببینەوە کە خۆى لەداعشدا دەبینێتەوە."

ناوبراو دەڵێت"پێویستە ئیسلامیەکانیش هاوشێوەى پارتە نەتەوەیـیەکان دژایەتى داعش بکەن."

لایەنە ئیسلامیەکانى هەرێمى کوردستان هیچ کامیان خاوەنى هێزى چەکدار نین هه‌تا راستەوخۆ بەشدارى شەڕى داعش بکەن، بۆیە لەلایەن بارزانیەوە داوایان لێکرا لەبرى چەک، بە فیکر دژایەتى داعش بکەن.

XS
SM
MD
LG