Accessibility links

ئه‌مه‌ریکایـیه‌ک 3 خوێندکاری عه‌ره‌ب ده‌کوژێت

  • VOA News

که‌سێـکی ئه‌مه‌ریکایی له‌ ویلایه‌تی نۆرث کارۆلاینا 3 خوێندکاری عه‌ره‌بی کوشتووه‌ و پـۆلیس ده‌ڵێت لێـکۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تایـیه‌کان نیشـانی ده‌ده‌ن له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کی بچوک بووه‌.

کره‌یگ ستیفن هیکز ته‌مه‌ن 46 سـاڵ، ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ به‌ ده‌مانچه‌ گولـله‌ی ناوه‌ به‌سه‌ری هه‌رسێ خوێندکاره‌که‌ که‌ دووانیان خوشک بوون و ئه‌وی دیکه‌یان هاوسه‌ری یه‌کێـکیان بووه‌.

ناسنامه‌ی کوژراوه‌کان ئاشکرا کراون، ئه‌وانیش زیا شادی به‌ره‌کات (23 سـاڵ)، یوسر محه‌مه‌د ئه‌بو سـاڵحه‌ (21 سـاڵ) و ڕه‌زان محه‌مه‌د سـاڵحه‌ (19 سـاڵ)، هه‌رسێـکیان فه‌ڵه‌ستینی بوون.

به‌پـێی پـۆلیس ده‌مه‌قاڵێ له‌ نێوان کره‌یگ و هه‌رسێ خوێندکاره‌که‌ دروستبووه‌ له‌سه‌ر شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل و پاشان ئه‌و کوشتنکاریـیه‌ی لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام هه‌ندێـک گۆمانیان هه‌یه‌ ته‌نها له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کی وه‌ها بووبێت و ده‌ڵێن پـێـیان وایه‌ له‌سه‌ر ئاینه‌که‌یان بووه‌، به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو کچه‌که‌ له‌چک‌پـۆش بوون.

نیهاد عه‌وه‌ز به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکایی ئیسلامی داوای له‌ پـۆلیسی ویلاته‌که‌ و پـۆلیسی فیدراڵی کرد به‌ په‌له‌ لێـکۆڵینه‌وه‌ی خۆیان له‌ باره‌ی ئه‌م تاوانکاریـیه‌‌ بکه‌ن و هۆکاره‌که‌ی ڕوون بکه‌نه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG