داعش دوو پێشمەرگەى تر لەو پێشمەرگانە سەردەبڕێت کە لە چەند مانگى رابردوودا لە ناحیەى سەعدیە دەستگیرى کردبوون ، ڕۆژی سێشهممه ڕووفاتى دوو پێشمەرگەکە لە ناحیەى سەرقەڵا بە خاک سپێردران.
نەقیب فاروق محەمەد و پاسەوانێکى بە ناوى عەدنان کە لە رۆژى 17 ى مانگی شهشى ساڵى رابردوو لە سنوورى ناحیەى سەعدیە لەلایەن داعشەوە دەستگیرکران ، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گرتەى ڤیدیۆى سەربڕینیان بڵاوکرایەوە.
دەروون عومەر کەسى نزیکى نەقیب فاروق محەمەد، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش گرتەى ڤیدیۆیى نەقیب فاروق و پاسەوانەکەى بڵاوکردووەتەوە کە بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە دهیانکوژن."
پێشتر دایکى نەقیب فاروق و چەند ژنێکى ترى بە تەمەن سەردانى چەکدارەکانى داعشیان لە ناحیەى سەعدیە کردبوو ، تکایان لێکردبوون کە ئازادیان بکەن، بەڵام ئەوان بە توندى داواکەیان رەتکردبوونەوە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەى گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینى نەقیب فاروق و پاسەوانەکەیدا لەلایەن داعشەوە، رووفاتەکانیان لە نزیک ناحیەى سەعدیە دۆزرانەوە و ئەمڕۆ سێشەمە بەخاک سپێردران.
لیوا محەمەد قادر فەرماندەى هێزى پێشمەرگە لە داقوق ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" هاوکات لهگهڵ دۆزینهوهی ڕووفاتی نهقیب فاروقدا ئهمڕۆ داعش کۆمەڵێک کەسایەتى عەرەبى ناردووە بۆ لایان و داوای لێکردوون دیلەکان لەگەڵ یەکترى بگۆڕنەوە."
ناوبراو دەڵێت"داعش ئامادەیى خۆی نیشـانداوه بۆ گۆڕینەوەى تەرمەکانیش نیشانداوە."
رازیبوونى داعش بە گۆڕینەوەى دیل و تەرمەکان لەگەڵ هێزى پێشمەرگە، لە کاتێکدایە پێشتر ئەو رێکخراوە رێکەوتنیان لەگەڵ پێشمەرگە بۆ گۆڕینەوەى دیلەکان لەگەڵ یەکترى بە توندى رەتکردبوویەوە.