چاو‌دێر ده‌ڵێن هه‌لیکۆپته‌ره‌کانی له‌شکری سوریا دوو بۆمبی به‌رمیلییان هه‌ڵداوه به‌سه‌ر مه‌یدانێکی قه‌ره‌باڵغی شاری حه‌ڵه‌بدا و 47 که‌سی سیڤیڵ له‌و بۆردومانه‌دا کوژراون.
به‌شێکی کوژراوه‌کان له‌ناو پاسێکدا بوون و هه‌ندێکی تریشیان له ڕیزدا وه‌ستابوون بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاوی خواردنه‌وه.
ئه‌م هێرشه‌ی شه‌وی ڕابردووی هێزه‌کانی حکومه‌تی سوریا بۆ سه‌ر ئه‌م شاره‌ی له‌ده‌ست سه‌رهه‌ڵداواندایه ته‌نها چه‌ند کاژمێرێک پاش بۆردومان کردنی شاری دیمه‌شقی پایته‌خت هات له لایه‌ن سه‌رهه‌ڵداوانه‌وه. له‌و بۆردومان کردنه‌ی دیمه‌شقدا به‌لانی که‌م 9 که‌س کوژراون.
هه‌ندێک له چاودێران ده‌ڵێن ژماره‌ی کوژراوه‌کانی شاری حه‌ڵه‌ب نزیکه‌ی هه‌شتا که‌سن، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک ئه‌و ژماره‌یه‌ی پشتڕاست نه‌کردۆته‌وه.
ڕژێمی سوریا هه‌موو سه‌رهه‌ڵداوانی سوریای خستۆته خانه‌ی تێرۆریستیه‌وه و گه‌وره کاربه‌ده‌ستانی وڵاته‌که ده‌ڵێن له‌شکری سوریا شه‌ڕی ڕێکخراوه جیهادیه تێرۆریستیه‌کان ده‌کات.
هاوکات یه‌کێتی ئه‌وروپا بڕی یه‌ک ملیار و سه‌د و چل ملیۆن دۆلاری زیاتر ته‌رخان ده‌کات بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سوریادا.
یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌ڵێت دابینکردنی ئه‌م بڕه پاره‌یه له ماوه‌ی دوو ساڵدا بۆ ئه‌و دوو وڵاته به گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌کانی دژه ڕادیکاڵیزم ده‌بێت هه‌روه‌هاش کۆمه‌کی نوێ و هه‌نگاوه‌کان بۆ ڕێگه‌گرتن له دابین کردنی دارایی بۆ تێرۆریستان وڕێگه‌گرتنیش له چونی تێرۆریستانی بیانی بۆ ناو ڕێکخراوه جیهادیه‌کان ده‌گرێته‌وه.