Accessibility links

داعشە کوردەکان بەشدارى شەڕى دژی پـێشـمەرگە ده‌که‌ن


بەرپرسە سەربازیـیەکانى هێزى پـێشـمەرگە، ئاشکرای دەکەن چەکدارەکانى داعش ژمارەیەک چەکدارى کوردیان لەگەڵ خۆیان بردووەتە کەرکوک و خورماتوو و لە شەڕکردندا لە دژى هێزى پێشمەرگە بەکاریان دەهێنن.

عەقید عیرفان حەمەخان کە فەرماندەیەکى هێزى پێشمەرگەیە لە قۆڵى کەرکوک، ئاماژە بەوە دەکات لە ناوچەى تەللوەرد ژمارەیەک لە چەکدارەکانى داعش بە زمانى کوردى قسە لەگەڵ یەکترى دەکەن ، دەڵێت"چەکدارەکانى داعش دوو بەرپرسى کوردیان تێدایە، یەکێکیان هەولێرى و ئەوی تریان قەڵادزەیـیە."

هەفتەى رابردوو چەکدارەکانى داعش گرتەیەکى ڤیدیۆیـیان بڵاوکردەوە ، تێیدا مەلا شوان ساڵح کە مەلایەکى هەولێریـیە لەگەڵ ژمارەیەک چەکدارى تردا هەڕەشەى کۆنترۆڵکردنى شارى کەرکوکیان کرد.

کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرین‌ى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، دەڵێت"چەکدارە کوردەکان پلە و پۆستیان لە نێو داعشدا هەیە و لە رێگەى ئامێرى پەیوەندیەوە بە کوردى قسە لەگەڵ یەکترى دەکەن."

پـێشتریش چەکدارەکانى داعش گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینى پێشمەرگەیەکیان بە ناوى هوجام سورچى بڵاوکردەوە، کە بەپێى زانیاریەکان ئەو چەکدارەى پێشمەرگەکە سەردەبڕێت کوردە.

عەبدوڵڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتوى هێزى پێشمەرگە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە"چەکدارەکانى داعش کوردیان تێدایە، بەڵام ژمارەیان زۆر نیـیە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، ژمارەى ئەو چەکدارانەى داعش کە لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستانەوە پەیوەندیـیان بەو رێکخراوەوە کردووە بە سەدان چەکدار دەبێت و ژمارەیەکیان کوژراون.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، دەڵێت"زانیاریمان لە سەر بوونى چەکدارى کورد لە نێو داعشدا هەیە."

چەکدارە کوردەکانى داعش بەشێکیان پێشتر لە ڕیزى ئەنسارولئیسلامدا کاریان کردووە ، بەڵام بەشەکەى تریان بەم دوایـیانە لە هەرێمى کوردستانەوە رۆیشتوون و پەیوەندیان بەو رێکخراوەوە کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00

XS
SM
MD
LG