Accessibility links

بەرپرسە سەربازیەکانى پارێزگاى کەرکوک، ئاشکرای دەکەن تەرمى 100 چەکدارى داعشیان لەبەردەستدایە ، کە زۆربەیان چەکدارى بیانى بوون و هیچ ناسنامەیەکیان پێ نەبووە.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزا و ناحیەکانى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تەرمى 100 چەکدارى داعش کەوتوونەتە دەست هێزەکانى پێشمەرگە و پۆلیس."

ناوبراو دەڵێت"زۆربەى چەکدارە کوژراوەکانى داعش بیانین و عێراقیـیان کەم تێدا بووە."

شەوى هەینى رابردوو داعش لە چەند قۆڵێکەوە هێرشى فراوانى بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە کەرکوک دەستپێکرد ، زۆربەى ئەو چەکدارانەى بەشدارى هێرشەکەیان کرد لە موسڵ و سوریاوە هێنرابوون.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"زۆربەى چەکدارە کوژراوەکانى داعش عەرەب نەبوون، بەڵکو خەڵکى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ئاسیابوون."

لە شەڕەکەى کەرکوکدا، مەفرەزەیەک چەکدارى 21 کەسى پەکەکە بەشدارى یان کرد ، کە لە نێوان گوندى مەلا عەبدوڵڵا و تەللوەرددا ڕووبەرووى چەکدارەکانى داعش بوونەتەوە و 3 چەکداریان برینداربوون.

هەڤاڵ عەگید فەرماندەى هێزەکانى پەکەکە لە کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"75 چەکدارى داعش لە نێوان مەلا عەبدوڵڵا و تەللوەرد لەلایەن هێزەکانى پەکەکەوە کوژراون."

فەرماندەى هێزەکانى پەکەکە ، بە توندى رەخنەى لە هێزى پێشمەرگە گرت بەوەى لە کاتى شەڕدا جێیانهێشتوون، وتى"ئێمە چەکدارەکانى داعشمان کوشت، کەچى پێشمەرگە واى نیشاندا گوایە ئەوان چەکدارەکانى داعشیان کوشتووە."

لە شەڕى نێوان چەکدارەکانى داعش و هێزى پێشمەرگەدا ژمارەیەکى زۆر چەکدارى هەردوولا کوژراون و برینداربوون ، هەروەها هەردوولاشیان چەکدارى یەکتریان بەدیلى دەستگیرکردووە.

XS
SM
MD
LG