Accessibility links

ژه‌نه‌راڵێک و 8 جه‌نگاوه‌ری کورد له‌ که‌رکوک ده‌کوژرێن


کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن میلیشیاکانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی گه‌وره‌ سه‌رکرده‌یه‌کی له‌شکریی و به‌لانی که‌میش 8 جه‌نگاوه‌ری تری کوردیان کوشتووه‌.

ژه‌نه‌راڵ شێرکۆ فاتیح

ژه‌نه‌راڵ شێرکۆ فاتیح

ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن ژه‌نه‌راڵ شێرکۆ فاتیح و جه‌نگاوه‌ره‌ کورده‌کانی تریش ئه‌مڕۆ هه‌ینی کوژراون له‌و شه‌ڕه‌ی له‌گه‌ڵ توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدا له‌ نزیک شاری که‌رکوکه‌وه‌ ڕوویداوه‌.

ئاژانسی ده‌نگ و باسی فه‌ڕه‌نسا ده‌ڵێت له‌م شه‌ڕه‌دا ده‌یان که‌سیش بریندارن.

ژه‌نه‌راڵ خه‌تاب عومه‌ر له‌ که‌رکوک ده‌ڵێت توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هێرشیان کردوه‌ته‌ سه‌ر شوێنه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ژه‌نه‌راڵ شیرکۆ و جه‌نگاوه‌ره‌کانی تریش له‌و هێرشه‌دا کوژراون.

له‌ شوێنه‌کانی تری عێراقیشدا به‌هۆی هێرشه‌کانی یاخیبوانه‌وه‌ 27 که‌س کوژراون، له‌وانه‌ دوو بۆمب له‌ ناو بازارێکی قه‌ره‌باڵغی به‌غدا ته‌قیونه‌ته‌وه‌ و هێرشبه‌رێکی خۆکوژیش هێزێکی چه‌کداری شیعه‌کانی کردۆته‌ ئامانج که‌ بنکه‌یه‌کی پشکنینیان دانابوو له‌ شارۆچکه‌یه‌کی باکوری به‌غدا.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هه‌روه‌هاش هێزه‌ ئاسایشیه‌کانی شاره‌که‌ له‌ هه‌وڵی تێکشکاندنی توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیدان له‌ که‌رکوک.

هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئوتێلێکی چۆڵی داخراودا له‌ ناو که‌رکوک، که‌ ده‌که‌وێته‌ نزیک باره‌گای سه‌ره‌کی هێزی پۆلیسی شاره‌که‌ دوو که‌س بریندار ده‌بن.

پاش ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ 3 چه‌کدار خۆیان کردبوو به‌ ئوتێلی قه‌سیردا و له‌وێوه‌ کوتبوونه‌ ته‌قه‌کردنێکی زۆر له‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و له‌ هێزه‌کانی پۆلیسیش.کاربه‌ده‌ستان دواتر ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ ته‌واوی چه‌کداره‌ توندڕه‌وه‌کان کوژراون.

به‌پێی ڕاپۆرته‌ هه‌واڵیه‌کی ڤیدیۆیی ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی پۆلیس نیشان ده‌دات ته‌قه‌ له‌ ئوتێل قه‌سیر ده‌که‌ن له‌ که‌رکوک و ئه‌وجا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ری.

XS
SM
MD
LG