Accessibility links

وردەکارى هێرشە فراوانەکەى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە کەرکوک


شەوى رابردوو چەکدارەکانى داعش لە چەندین قۆڵەوە پەلامارى سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگەیان لە رۆژئاواو و باشورى رۆژئاواى کەرکوک داوە و تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و داعش بەردەوامە.

چەکدارەکانى داعش توانیویانە پێشڕەوى بکەن و تەللوەرد و مەلا عەبدوڵـڵا و چەندین ناوچەى تر کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەرەبەیانى ئەمڕۆ هه‌ینی هێزێکى زۆرى پێشمەرگە و پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان ڕەوانەى سنوورەکە کراون و بەشێک لەو ناوچانە لە داعش سەنراونەتەوە، هەرچەندە هه‌تا ئێستا مەلا عەبدوڵـڵا لە ژێر کۆنترۆڵى داعشدایە و پێشمەرگە لە هێرشکردن بۆ گرتنەوەى ئەو ناوچانە بەردەوامە.

هەڵگورد حیکمەت بەرپرسى راگەیاندنى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش سوودى لە خراپى کەش و هەواى شەوى رابردوو وەرگرتووە و هێرشى بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستپـێـکردووە ، توانیویەتى لە چەند قۆڵێکیشەوە پێشڕەوى بکات."

ناوبراو دەڵێت"شەڕ لە تەللوەرد و مەلا عەبدوڵـڵا بەردەوامە و پێشمەرگە لە هەوڵى کۆنترۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەدایە کە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵى داعش."

چەکدارەکانى داعش هێرشەکانى شەوى ڕابردوویان بە خۆ تەقاندنەوەى چەند چەکدارێکى خۆکوژ و دواتر دەستپێکردنى هێرشى فراوان بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستپێکردووە، لەئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندە و پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە کەلیوا شێرکۆ شوانى فەرماندەى لیواى یەکى پیادەیان لە نێودایە.

هاوکات بەهۆى پێشرەویەکانى داعش و کۆنترۆڵکردنى چەند ناوچەیەک لەلایەن ئەو رێکخراوەوە، کۆسرەت رەسوڵ جێگرى سەرۆکى هەرێم بە هێزێکى زۆرەوە گەیشتووەتە ناوچەکە.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، دەڵێت"چەکدارەکانى داعش بۆ ئەنجامدانى هێرشەکانیان سودیان لە خراپى کەش‌وهەوا و عەرەبە ئاوارەکانى ناو کەرکوک وەرگرتووە، کە شانەى نووستوویان تێدایە."

هاوکات لەگەڵ بەردەوامى شەڕى نێوان داعش و هێزى پێشمەرگەدا لە دەوروبەرى کەرکوک، 3 چەکدارى خۆکوژ ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراویان لە بەردەم ئوتێل قەسرى شارى کەرکوک تەقاندەوە و دواتر رۆیشتنە نێو ئوتێلەکەوە و دواتر چەکدارەکان لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە کوژران.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، ئامانجى چەکدارە خۆکوژەکان دروستکردنى پشێوى بووە لە نێو کەرکوک بۆ ئەوەى سەر لە هێزى پێشمەرگە بشێوێنن، هه‌تا دەرفەت بۆ چەکدارەکانى داعش بڕەخسێنن لە رۆژئاواوە بەرەو ناو شارەکە بێن.

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پـۆلیسى قەزا و ناحیەکانى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئامانجى چەکدارە خۆکوژەکان نانەوەى پشێوى بووە، بەڵام هەر سێ چەکدارەکه‌ لە نێو ئوتێل قەسردا کوژراون."

بەبڕواى شارەزایانى بوارى ئەمنى و سەربازى ، هێرشەکانى شەوى رابردووى داعش بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە هەڵسەنگاندنى تواناى پێشمەرگە و هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە بووە.

حەمدى گلى شارەزاى بوارى ئەمنى بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێدەچێت داعش لە داهاتوودا هێرشى تر بۆ سەر کەرکوک ئەنجام بدات."

هاوکات لەگەڵ بەردەوامى شەڕ لە قۆڵى کەرکوکەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لە ناوچەى تبجى خۆرئاواى جەلەولا ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو لە نێو هێزى پێشمەرگەدا خۆى تەقاندنەوە و لە ئەنجامدا 7 پـێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و نزیکەى 10 پێشمەرگەش برینداربوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:11 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG