Accessibility links

ماوەى ساڵێکە ته‌نها دوو به‌کرێگیراوی تۆمەتبار بە ئەنفال ده‌سـتگیرکراون


حکومەتى هەرێمی کوردسـتانی عێراق کۆتایى بە هەڵمەتى دەستگیرکردنى ئەو جاش و مستەشارانە هێناوه‌ کە تۆمەتبارن بە ئەنفال، لە کاتێکدا لە هەڵمەتەکەدا تەنها دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون.

دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق لەسەر دۆسیەى ئەنفال، بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ 420 مستەشار و سەرۆک جاش دەرکردووە، لەو ژمارەیە تەنها دوو کەسیان دەستگیرکراون بێ ئەوەى دادگایى بکرێن.

حاکم فەرهاد حاتەم سەرۆکى فەرمانگەى داواکارى گشتى پارێزگاى سلێمانى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" لە هەڵمەتى دەستگیرکردنى جاش و موستەشارەکاندا تەنها دوو کەس دەستگیرکراون کە ئێستا لە زینداندان."

ناوبراو دەڵێت"دەبێت سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێن و رادەستى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق بکرێن، بەڵام بڕیارى دەستگیرکردنەکانیان جێبەجێ ناکرێت."

بڕیارى دەستگیرکردنى جاش و مستەشارەکان گەیشتووەتە وەزارەتى ناوخۆ و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێم، بەڵام پابەند نەبوون بە جێبەجێکردنى بڕیارەکەوە.

راگرتنى هەڵمەتى دەستگیرکردنى مستەشارەکان، لە کاتێکدایە زۆربەى مستەشارە دیارەکانى سەردەمى بەعس کە لەلایەن دادگاى باڵاى تاوانەکانەوە داواکراون ئازادانە دەسوڕێنەوە.

ئەنوەر حەمەلاو ئەندامى لیژنەى داکۆکیکردن لە کەسوکارى ئەنفالکراوەکان، ئاماژە بەوە دەکات زۆربەى مستەشارەکان لەلایەن بەرپرسانەوە پشتیوانى دەکرێن بۆیە دەستگیر ناکرێن، دەڵێت"ئەو دوو مستەشارەش کە دەستگیرکراون رەنگە بێ پشت بن ، ئەگینا بۆچى ئەوان دەستگیر دەکرێن و مستەشارەکانى تر ئازادانە دەسوڕێنەوە."

بەپێى بڕیارەکەى دادگاى باڵاى تاوانەکان دەبێت ئەو مستەشارانەى دەستگیردەکرێن لە هەرێمى کوردستانەوە ڕەوانەى بەغدا بکرێن بە مەبەستى دادگایى کردن ، بەڵام هەرێم ئامادە نیـیە مستەشارەکان ڕەوانەى بەغدا بکات.

XS
SM
MD
LG