Accessibility links

کاربه‌ده‌ستان له‌ عێراق ده‌ڵێن له‌ ئاکامی دوو ته‌قینه‌وه‌ له‌ شاری به‌غدا پایته‌ختی عێراق به‌لانی که‌م 8 که‌سی سیڤیل کوژراون.

ئه‌فسه‌رێکی هێزی پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت خوێناوی ترین ته‌قینه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌ی باب ئه‌لشه‌رجی بووه‌.

بۆمبێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕێستۆرانتێکی بچوکدا له‌ باب ئه‌لشه‌رجی ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و پێنج که‌سی سیڤیل کوژراون و یازده‌ که‌سیشی بریندار کردووه‌ و وه‌ک ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس باسی کردووه‌ بۆ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس، ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌م له‌ ناوه‌ڕواستی ناوچه‌ی سباع بووه‌ و 3 که‌سی سیڤیل کوژراون و به‌لانی که‌م 10 که‌سی تریش زامدار بوون.

کاربه‌ده‌ستێکی ته‌ندروستی له‌ به‌غدا زیانه‌ گیانیه‌کانی پشتڕاست کردۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو کاربه‌ده‌ست به‌و مه‌رجه‌ زانیاریه‌کانیان داوه‌ که‌ ناویان بڵاو نه‌کرێته‌وه‌ چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتیان نه‌دراوه‌تێ هیچ ڕاگه‌یاندنێک بده‌ن له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئاسایشی.

تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ لایه‌نێک به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشه‌ بۆمبیانه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه‌.

ده‌کرێت بگوترێت له‌ عێراق ڕۆژانه‌ له‌م جۆره‌ هێرشانه‌ ده‌کرێن و زیاتریش شیعه‌کانی عێراق که‌زۆرینه‌ی دانیشتوانی وڵاته‌که‌ن، ده‌که‌نه‌ ئامانج و هه‌روه‌ها هێزه‌ ئاسایشیه‌کانیش.

زۆربه‌ی جار ڕێکخراوی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌رپرسیارێتی ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ له‌ ئه‌ستۆی خۆی ده‌نێت.

ئه‌م ڕێکخراوه‌ توندڕه‌وه‌ سوننی ئاینزایه‌ له‌ ساڵی پاره‌وه‌ ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ریه‌ک له‌سه‌ر سێی عێراقدا.

XS
SM
MD
LG