Accessibility links

هه‌له‌و واشنتن:‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و کاریگه‌ری به‌سه‌ر باری سیاسی عێراق و ناوچه‌که‌

  • Haider Kareem

وا بۆ چه‌ندین مانگه‌ به‌های نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر دێته‌ خوارێ و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی ڕابردوو که‌ له‌ ڕۆژێـکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا نرخی به‌رمیلێـک نه‌وت له‌ سه‌روو 100 دۆلاره‌وه‌ بوو، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ بۆ خوار 50 دۆلار دابه‌زیوه‌.

هاتنه‌ خواره‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌م ئاسته،‌ کاریگه‌ریـیه‌کی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئابوری ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌بێت که‌ ئه‌م زێڕه‌ ڕه‌شه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی داهاتیانه‌، له‌وانه‌ عێراق که‌ وه‌کو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری ئه‌و وڵاته‌ به‌ کاره‌سات بۆ دارایی عێراق ناودێری کرد.

جگه‌ له‌ کاریگه‌ریـیه‌ ئابوریـیه‌که‌ی، گرژی و ناکۆکی سیاسیشی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆکی ئێران له‌ لێدوانێـکیدا دابه‌زینی نرخی نه‌وتی بۆ هۆکاری سیاسی گه‌ڕانده‌وه‌ و به‌ پـیـلان و خیانه‌تکردن له‌ جیهانی ئیسلامی ناودێریکرد. شیکه‌ره‌وان ده‌ڵێن سه‌رۆکی ئێران له‌م لێدوانه‌ی مه‌به‌ستی عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر زاری عه‌لی ئه‌لنعێمی وه‌زیری نه‌وته‌که‌ی ڕایگه‌یاندبوو‌ نرخی نه‌وت بۆ 20 دۆلاریش دابـبه‌زێت، ئه‌وا به‌رهه‌می نه‌وتی خۆیان که‌م ناکه‌نه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، مه‌ترسی هه‌یه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ نائاسـایـیه‌ کاریگه‌ری بۆ سه‌ر ڕێـکه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌بێت.

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
ئه‌ڤین عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیـیه‌کان له‌ خولی پـێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.
دکتۆر بایه‌زید حه‌سه‌ن، شاره‌زای بواری نه‌وت و غاز و ئه‌ندامی پـێشـووی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
دکتۆر شێرکۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆکی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشـتیـیه‌کان له‌ خولی پـێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتان له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی.

XS
SM
MD
LG