Accessibility links

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک: سه‌رۆکی یه‌مه‌ن له‌ لایه‌ن حوسیـیه‌کانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌که‌ی ده‌سـتبه‌سه‌ره‌

  • VOA News

به‌پـێی لێدوانی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی فه‌رمی له‌ یه‌مه‌ن حوسیـیه‌کان عه‌بد ڕه‌بـبه‌ مه‌نسور ئه‌لهادی سه‌رۆکی وڵاتیان له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی له‌ ڕۆژئاوای سه‌نعای پایته‌خت ده‌سـتبه‌سه‌رکردووه‌.

دوو له‌ ڕاوێژکاره‌کانی سه‌رۆکی یه‌مه‌ن گوتویانه‌ سه‌رۆک هادی ناتوانێت ماڵه‌که‌ی خۆی جێبهێڵێت پاش ئه‌وه‌ی چه‌کدارانی حوسی چوارده‌وری ماڵه‌که‌یان داوه‌‌.

عه‌ره‌فات مودابش په‌یامنێری ڕادیۆ سه‌وا ده‌ڵێت حوسیـیه‌کان سـاڵح ئه‌لسه‌مماد سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئه‌نساروڵـڵای خۆیان بۆ لای سه‌رۆک هادی ڕه‌وانه‌کردووه‌ تاوه‌کو به‌ خۆشی بێت یان به‌ زۆر قایلی بکات فه‌رمان به‌ هێزی له‌شـکری بدات هێرش بکاته‌ سه‌ر پارێزگای مه‌ئریب، ئه‌وه‌ی حوسیـیه‌کان به‌ پارێزگایه‌کی سه‌ر به‌ قاعیده‌ و داعش تاوانباریان ده‌که‌ن.

هاوکات ڕاجح بادی گوته‌بێژی حکومه‌ت ڕایگه‌یاند خالد به‌حاح سه‌رۆک وه‌زیر له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ کۆشـکی سه‌رۆکایه‌تی له‌ سه‌نعا ده‌رچوون‌ پاش ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 3 ڕۆژ بوو له‌وێ گه‌مارۆدرابوون.

له‌ لایه‌کی دیکه‌ ئه‌نجومه‌نی هاوکاری وڵاتانی که‌نداو پـشـتیوانی خۆی بۆ سه‌رۆکی یه‌مه‌ن ده‌ربڕی و گوتی ئه‌وه‌ی حوسیـیه‌کان ده‌یکه‌ن کۆده‌تایه‌.

وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ له‌ ڕیازی پایته‌ختی سعودیـیه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ی یه‌مه‌ن کۆبوونه‌وه‌ به‌یانـنامه‌یه‌کیان له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌رکرد و تیایدا به‌ ڕاشکاوانه‌ گوتیان ئه‌وه‌ی له‌ سه‌نعا ڕووده‌دات کوده‌تایه‌ به‌سه‌ر شه‌رعیـیه‌تدا.

XS
SM
MD
LG