Accessibility links

بڕیارى دەستگیرکردن بۆ تەیمور عەبدوڵاى تاقانەى ئەنفال دەردەکرێت


تەیمورى عەبدوڵڵاى تاقانەى ئەنفال لەلایەن دادگاى لێکۆڵینەوەى کەلارەوە بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەردەکرێت ، بە تۆمەتى کوشتنى مفەوەزێکى پۆلیسى دارستانى ناوچەى گەرمیان.

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەمە لە گەڕەکى شەهیدانى قەزاى کەلارى ناوەندى ئیدارەى گەرمیان، چەند چەکدارێک کە تەیمور عەبدوڵڵاى تاقانەى ئەنفال لە نێویاندا بوو، تەقەیان لە مفەوەزێکى پۆلیسى دارستانى گەرمیان کرد بە ناوى محەمەد نورى و کوشتوویانە ، هەروەها یەکێک لەو چەکدارانەش کە لەگەڵ تەیموردا بووە کوژراوە.

موقەدەم حەسەن محەمەد ساڵح وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گەرمیان ، وردەکارى رووداوەکەى بۆ دەنگى ئەمەریکا گێڕایەوە، رایگەیاند"جگە لە کوژرانى مفەوەزەکەى پۆلیسى دارستانى گەرمیان ، کەسێکى تریش بە ناوى ئاسۆ عەلى کە کوڕە مامى تەیمورى تاقانەى ئەنفالە کوژراوە."

ناوبراو وتیشى"هه‌تا ئێستا تەیمور عەبدوڵڵا دەستگیرنەکراوە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا ، هۆکارى ڕووداوەکە پەیوەندى بە ڕاوکردنى ئاژەڵى کێویەوە هەبووە، کە رۆژى چوارشەمە تەیمور عەبدوڵڵا لە گوندێکى ناوچەى گەرمیان راوى ئاژەڵى کردووە، بەڵام مەفرەزەیەکی پۆلیسى دارستان بە سەرپەرشتى مفەوەز محەمەد نورى رێگریان لێکردووە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسى دارستانى گەرمیان هۆکارى رووداوەکەى بۆ دەنگى ئەمەریکا روونکردەوە، وتى"رۆژى چوارشەمە تەیمور لە گوندێکى گەرمیان ڕاوى ئاژەڵى کێوى کردووە، بەڵام مەفرەزەیەکی پۆلیسى دارستان بە سەرپەرشتى محەمەد نورى رێگریان لێکردووە و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبووە."

سەرچاوەکە وتیشى"رۆژى چوارشەمە رووداوەکە کۆتایى هاتووە، بەڵام ئەمڕۆ تەیمور عەبدوڵڵا و چەند کەسێکى لەگەڵ خۆى بردووە و مفەوەز محەمەد نورى‌ کوشتووە."

دواى شه‌ڕه‌که‌‌ و کوژرانى مفەوەزەکەى پۆلیس و یەکێک لەو کەسانەى لەگەڵ تەیمور بوو، تەیمور تەرمى هاورێکەى گەیاندووەتە نەخۆشخانەى گشتى کەلار و بەرەو شوێنێکى نادیار هەڵاتووە، بەڵام بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە.

عەقید شوان محەمەد بەڕێوەبەرى پۆلیسى دارستانى گەرمیان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رووداوەکە لەسەر مەسەلەى راوکردن بووە."

تەیمور عەبدوڵڵا کە تۆمەتبارە بە کوشتنى مفەوەزەکەى پۆلیس ، یەکێکە لە رزگاربووانى ئەنفال و لە خێزانەکەى تەنها خۆى لە پرۆسەى ئەنفال دەربازى بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:37 0:00

XS
SM
MD
LG