Accessibility links

چەکدارە بیانیەکانى داعش پارێزگاى دیالە بەجێدەهێڵن


سەرجەم چەکدارە داعشە بیانیەکان پارێزگاى دیالەیان بەجێهێشتووە و بەرە و پارێزگاى سەڵاحەدین رۆیشتوون، تەواوى چەک و تەقەمەنیە قورسەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

چەکدارە داعشە بیانیەکان کە پێشتر لە پارێزگاى دیالە لە دژى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق شەڕیان دەکرد ، ئەفغانى و چیچانى و ئەوروپیشیان تێدابووە.

عەقید عیرفان حەمەخان فەرماندەى فەوجى هێزى پێشمەرگە لە ناحیەى جەلەولا، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارە بیانیەکانى داعش سەرجەمیان پارێزگاى دیالەیان بەجێهێشتووە، لە ئێستادا داعش تەنها لە 3 گوندى نزیک قەزاى شارەبان ماونەتەوە."

ناوبراو ، دەڵێت"ئەو عەرەبانەى دیالەش کە پشتیوانى داعشیان دەکرد، بەشێکیان کوژراون و بەشەکەى تریشیان هەڵاتوون و ناوچەکەیان جێهێشتووە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، تەواوى ئەو چەکدارە عەرەبانەى کە لە ناوچە کوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە پشتیوانى داعشیان دەکرد، لە ئێستادا نیشتەجێى شارى باقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالەن.

رۆیشتنى چەکدارە داعشە بیانیەکان لە پارێزگاى دیالە بارودۆخەکەى بۆ سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە ئاسانتر کرد، تا بتوانن تەواوى ناوچەکانى دیالە بە ئاسانى کۆنترۆڵ بکەنەوە.

عەمید سۆران جەلال بەڕێوەبەرى پۆلیسى فریاکەوتنى ناحیەى تازەى سەر بە پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رۆیشتنى چەکدارە بیانیەکانى داعش بۆ سنوورى کەرکوک و سەڵاحەدین بارودۆخى ئەمنى لەو ناوچانە گرژتر کردووە."

ناوبراو دەڵێت"چەکدارە بیانیەکانى داعش سەرجەم چەک و تەقەمەنیە قورسەکانیان لە دیالەوە بۆ سەڵاحەدین و دەوروبەرى کەرکوک گواستووەتەوە."

چەکدارە بیانیەکانى داعش بەو چەکدارانە دەوترێت کە هەڵگرى رەگەزنامەى وڵاتانى ئەوروپى و ئەمریکین ، بەپێى وتەى بەرپرسانى ئەمنى ئەم چەکدارانە بەراورد بە چەکدارەکانى ترى داعش توندڕەوترن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:54 0:00

XS
SM
MD
LG