Accessibility links

حکومه‌تی عێراق حوکمی زیندانی بۆ 13 پله‌داری سه‌ربازی کورد ده‌رده‌کات


حکومەتى عێراق بە تۆمەتى پابەند نەبوون بە رێنمایـیە سەربازیەکان، 13 پلەدارى کورد حوکم دەدات و چەند پلەدارێکى تریش لە دادگاى سەربازى دادگایى دەکات.

ئەو 13 پلەدارە کوردەى کە بێ ئامادەبوونى خۆیان هەریەکەیان بە 5 ساڵ زیندانى حوکم دراون، تۆمەتى پابەند نەبوون بە بڕیارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دراوەتە پاڵیان، بەڵام ئەو پلەدارانەى دادگایى کراون تۆمەتى ئەوە دراوەتە پاڵیان کە پلەى سەربازیان بۆ خۆیان بەستووە.

رائید ئەشرەف قاسم کە پلەدارێکى کوردە و لەلایەن دادگاى سەربازى عێراقەوە دادگایى کراوە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" تۆمەتى ئەوە درایە پاڵم گوایە پلەى سەربازیم بۆخۆم بەستووە، لە کاتێکدا من دەرچووى کۆلێژى سەربازى هەرێمى کوردستانم."

ناوبراو وتى"دواى لێکۆڵینەوەى ورد لەدۆسیەکەم ، دادگاى سەربازى عێراق تۆمەتەکەى رەتکردەوە و بێ تاوانى سەلماندم."

ئازادکردنى رائید ئەشرەف قاسم ، لە کاتێکدایە 13 پلەدارى ترى کورد لەلایەن دادگاى سەربازى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە هەریەکەیان بە 5 ساڵ زیندانى حوکمدراون.

ئەو 13 پلەدارە کورده‌ی کە بێ ئامادەبوونى خۆیان حوکمدراون ، پلەى موقەدەم هه‌تا پلەى مفەوەزیان تێدایە و جگە لە حوکمدانیشیان ، بڕیاری دەست بەسەرداگرتنى سەرجەم ماڵ و موڵکیشیان دراوه‌.

مفەوەز سەڵاح کاکەیى یەکێک لە پلەدارە کوردە حوکمدراوەکان، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند "لەئێستادا ئێمە ناتوانین هاتووچۆى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقى بکەین چونکە دەستگیردەکرێین و حوکمەکانمان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت."

حکومەتى هەرێم لە رێگەى وەزارەتى ناوخۆوە چەند جارێک هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەى ئەو 13 پلەدارە کوردە و هەڵوەشاندنەوەى حوکمەکانیانى داوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

XS
SM
MD
LG