Accessibility links

ڕێپـێوانێـکی مه‌زن ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ پاریس سـازده‌کرێت


بڕیاره‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو ڕێـپـێوانێـکی مه‌زن به‌ به‌شداریـیه‌کی نێوده‌وڵه‌تی له‌ شاری پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا سـازبکرێت بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ تێرۆرستیـیه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ کرایه‌ سه‌ر هه‌فته‌نامه‌ی شـارلی ئێبدۆ و هه‌روه‌ها هاوسۆزی و پشـتیوانی بۆ گه‌لی‌ فه‌ڕه‌نسا له‌ ئاست ئه‌و کاره‌ تێرۆرستیـیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌.

ژماره‌یه‌کی زۆری ڕێبه‌رانی ئه‌وروپا بڕیاری به‌شـداریکردنیان داوه‌، له‌وانه‌ دۆناڵد توسک سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی یه‌کێتی ئه‌وروپا، ژان کلود یونیکه‌ر سه‌رۆکی کۆمسیۆنی یه‌کێتی ئه‌وروپا، فێدێریکا مۆگیرنی به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا، ده‌یڤد کامیرۆن سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانیا، ئه‌نگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا، ماریانۆ ڕه‌خۆی سه‌رۆک وه‌زیری ئیسپانیا، ماتیۆ ڕنزی سه‌رۆک وه‌زیری ئیتالیا، شارڵ میشێل سه‌رۆک وه‌زیری به‌لجیکا.

له‌ لایه‌کی دیکه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان ڕێبه‌ر و که‌سایه‌تیـیه‌کان به‌رده‌وامن له‌ سه‌رزه‌نشتکردنی هێرشه‌که‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ که‌سوکاری قوربانیـیه‌کان و گه‌لی فه‌ڕه‌نسا. جێی سه‌رنجه‌ کۆریای باکور و ئێران له‌ نێو ئه‌و وڵاتانه‌ بوون که‌ هێرشه‌که‌یان سه‌رزه‌نشتکردووه‌، هه‌روه‌ها حزبوڵڵای لوبنانیش.

XS
SM
MD
LG