Accessibility links

پارتە ئیسلامیەکانى هەرێمى کوردستان: رێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکان زیانیان بەناوبانگى ئیسلام و موسڵمانان گەیاندووە


پارتە ئیسلامیەکانى هەرێمى کوردستان، رێکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکان بەئەنجامدانى کارى نەشیاو و توندڕەوى تۆمەتبار دەکەن، پێیانوایە پاساویان داوەتە دەست وڵاتانى زلهێز تا لەدژى ئیسلام و موسڵمانان پیلانگێرى بکەن.

رێکخراوە ئیسلامیە توندرەوەکان لەئێستادا لەوپەڕى بەهێزیدان و وێراى کۆنترۆڵکردنى بەشێکى زۆر لەناوچەکانى عێراق و سوریا، مەترسیان لەسەر ئاسایشى جیهانیش دروستکردووە، بەڵام بەشێکى زۆر لە هێزە ئیسلامیە میانرەوەکان لەڕووى پێگەى جەماوەریەوە لەپاشەکشەدان.

شوان رابەر ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى، رێکخراوە ئیسلامیە توندرەوەکان تۆمەتبار دەکات بەوەى لە رێگەى مامەڵەى سلبى و توندرەوانەوە، پرۆژەى ئیسلامى یان لە جیهاندا دواخستووە و ئیسلام و موسڵمانانیان خستووەتە بەردەم پیلانگێرى و فشارى گەورەى دەرەکى.

ناوبراو دەڵێت"یەک لەهۆکارەکانى پیلانگێرى لەدژى ئەو هێزە ئیسلامیانەى دواى بەهارى عەرەبى دەسەڵاتیان گرتە دەست ، تێروانینى خۆرئاوابوو بەوەى کە ناتوانن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکاندا بکەن."

لە قۆناغى یەکەمى شۆرشەکانى بەهارى عەرەبى پارتە ئیسلامیە میانرەوەکان بەهێزبوون کاتێک لە میسر و تونس دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەڵام دواتر بەردەوام بوونى دۆخى سوریا بەهێزبوونى ئیسلامیە توندرەوەکان و پاشەکشەکردنى میانرەوەکانى بەدواداهات.

ئەبوبەکر هەڵەدنى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى، بە پێویستى دەزانێت هێزە ئیسلامیەکان لەگەڵ بارودۆخى نوێ دا خۆیان بگونجێنن و گرنگى زیاتر بە لایەنە نیشتیمانى و مرۆڤایەتیەکە بدەن، دەڵێت"لە پاڵ هەڵەى ئیسلامیەکاندا، دەسەڵاتى عەسکەرتاریەت و بەرژەوەندیە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکان زیانیان بەپێگەى هێزە ئیسلامیەکان گەیاندووە."

لاى خۆشیەوە بێستون ژاڵەیى راگەیاندکارى دیارى نزیک لە حیزبە ئیسلامیەکان،باسلەوەدەکات بەهارى عەرەبى سەرەتا بە بەهارى گەیشتن بەدەسەڵاتى هێزە ئیسلامیەکان لێکدراوەتەوە ، بەڵام دواتر رووداوەکان بەزیانى هێزە ئیسلامیەکان تەواو بوون.

ناوبراو دەڵێت"هێزە ئیسلامیەکان نەیانتوانى دواى رۆیشتنى دیکتاتۆرەکان نموونەیەکى جوانى مەدەنى پێشکەش بکەن بۆیە هەموو دەستکەوتەکانى دواى بەهارى عەرەبى یان لەدەستدا."

XS
SM
MD
LG