Accessibility links

پارێزگارى نوێى سلێمانى ، بەڵێن دەدات پارێزگارى هەموو لایەنە سیاسیەکان و خەڵکى سلێمانى بێت بەبێ جیاوازى ، دەڵێت"مەرجەعیەتى من یاسا و خەڵکى کوردستانە ، هەرشتێک دژى بەرژەوەندى خەڵک بێت لاى من جێى نابێتەوە."

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون پارێزگارى نوێى سلێمانى، لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا رایگەیاند"هەرچەندە پێشتر سەرۆکى کوتلەى یەکێتى بووم ، بەڵام لەو رۆژەوەى وەکو پارێزگار هەڵبژێردراوم پارێزگارى هەموو خەڵکى سلێمانیم."

دکتۆر ئاسۆ پارێزگارى نوێى سلێمانى کە بڕیارە 2 ساڵ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەپێى رێکەوتنى نێوان حزبەکەى و بزووتنەوەى گۆڕان بڕیارە دواى 2 ساڵەکە پۆستەکەى بدرێت بەو بزووتنەوەیە ، هەرچەندە لایەنگرانى گۆڕان ترسى ئەوەیان هەیە دواى 2 ساڵەکە یەکێتى پۆستەکەیان ڕادەست نەکات.

پارێزگارى سلێمانى ، سەرسوڕمانى خۆى نیشان دەدات لەو ترسەى کە هەیە سەبارەت بە ئامادەنەبوونى یەکێتى بۆ رادەستکردنەوەى پۆستەکەى بە گۆڕان، دەڵێت"هیچ هۆکارێک نیـیە تا یەکێتى پابەند نەبێت بە ڕێکەوتنەکەیەوە لەگەڵ گۆڕان."

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون ، ئاماژەى بەوەشکرد ئەوان نایانەوێت ڕێکەوتنەکەى نێوانیان لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان تەنها ڕێکەوتنێکى سیاسى بێت ، بەڵکو دەیانەوێت رێکەوتنەکە بۆ خوارەوە شۆڕ بکرێتەوە و سەقامگیرى سیاسى بە دواى خۆیدا بهێنێت."

رێکەوتنى نێوان یەکێتى و بزووتنەوەى گۆڕان لە کاتێکدایە پارتى و دوو لایەنە ئیسلامیەکە ناڕازین لەو پشکانەى کە لە پۆستەکانى سلێمانى بۆیان دانراوە ، پێیانوایە ئەوان خراونەتە دەرەوەى رێکەوتنەکەوە.

لەم بارەیەوە دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون ، دەڵێت"ئەم رێکەوتنە تەواو نەبووە و تەنها قۆناغى رێکەوتنى نێوان گۆڕان و یەکێتى تەواو بووە ، ئەگینا دانوستان بەردەوامە و ئومێد دەکەین بتوانین حکومەتێکى بنکەفراوان لە سلێمانى دروست بکەین."

دەست بەکاربوونى پارێزگارى سلێمانى و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا، لە کاتێکدایە هه‌تا ئێستا هیچ کام لە پۆستە ئیداریـیەکانى ترى پارێزگاى سلێمانى گۆڕانکاریان تێدا ئەنجام نەدراوە.

XS
SM
MD
LG