Accessibility links

ڕاپـۆرتێـک له‌ باره‌ی ده‌سـتبه‌کاربوونی پارێزگاری نوێی سلێمانی


ئەمڕۆ دووشەمە دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون کاندیدى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وەکو پارێزگارى نوێى سلێمانى دەست بەکاربوو ، دواى ئەوەى لەلایەن ئەنجومەنى پارێزگاوە بە کۆى دەنگ متمانەى پێدرا.

دەستبەکاربوونى پارێزگارى نوێى سلێمانى دواى تێپەڕبوونى هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیدا دێت، کە ناکۆکى نێوان یەکێتى و بزووتنەوەى گۆڕان رێگربوو لە دەست بەکاربوونى پارێزگار .

غالب محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لە فراکسیۆنى گۆڕان، بەدەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"بەپێى رێککەوتنى نێوان یەکێتى و گۆڕان دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون ساڵێک و نۆ مانگ پارێزگار دەبێت ، دواتر پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن دەدرێتە یەکێتى و هەڤاڵ ئەبوبەکر پۆستى پارێزگار وەردەگرێت".

ناوبراو وتى"سەرۆکایەتى هەرێم مەرسومى بۆ دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون دەرکردووە ئەمڕۆ بە فەرمى وەکو پارێزگارى نوێى سلێمانى دەست بەکاربوو".

بزووتنەوەى گۆڕان خاوەنى 12 کورسى و یەکێتى نیشتیمانى خاوەنى 11 کورسى ئەنجومەنى پارێزگایە و بەپێى ئیستیحقاقى هەڵبژاردن پۆستى پارێزگار بەر گۆران دەکەوت ، بەڵام یەکێتى رادەستکردنەوەى ئەو پۆستەى لە 2 ساڵى یەکەمدا رەتکردەوە.

رێکەوت زەکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەسەر لیستى یەکێتى نیشتیمانى، دەڵێت"یەکێتى پۆستى پارێزگارى سلێمانى قۆرخ نەکردووە ، بەڵام لە ئەنجامى گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکان ئەو پۆستەى بەدەست هێناوەتەوە".

لاى خۆیەوە دانا محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا لە فراکسیۆنى پارتى ، دەڵێت"بەپارێزگارى نوێى سلێمانیمان راگەیاندووە کە وەکو پارێزگارى هەموو لایەنەکان کاربکات نەک تەنها وەکو پارێزگارى یەکێتى، ئەوکات ئەوان پشتگیرى دەکەن".

دەست بەکاربوونى پارێزگارى نوێى سلێمانى لە کاتێکدایە بزووتنەوەى گۆڕان هەر لە ئێستاوە خۆى بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە ئامادە دەکات لە 2 ساڵى داهاتوودا ، هەرچەندە ترسى ئەوەشى هەیە یەکێتى پابەند نەبێت بە رێکەوتنەکەى نێوانیانەوە و ئەو پۆستەى رادەست نەکات.

XS
SM
MD
LG