Accessibility links

فەرماندە سەربازیەکان: دەبێت هێزه‌کانی پێشمەرگە لە ژێر کۆنترۆڵى حزب دەربهێنرێن و یەکبخرێنەوە


فەرماندە سەربازیەکانى سەربە لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان، یەکخستنى هێزه‌کانی پێشمەرگە و دەرهێنانیان لە ژێر کۆنترۆڵى حزب بە گرنگ دەزانن ، دەڵێن" هه‌تا هێزە چەکدارەکان لە ژێر کۆنترۆڵى حزب دەرنەهێنرێن میللەت لە ناخۆشى رزگارى نابێت".

پشتیوانیکردن له‌ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە لەلایەن فەرماندە سەربازیەکانەوە، لە کاتێکدایە هەفتەى رابردوو مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم نامەیەکى ئاڕاستەى مستەفا سەید قادر وەزیرى پێشمەرگە کرد و تێیدا داواى یەکخستنى هێزى پێشمەرگە و دەرهێنانى لەژێر کۆنترۆڵى حزب کردبوو.

حامیدى حاجى غالى ئەندامى سەرکردایەتى و فەرماندەى سەربازى یەکێتى، پێیوایە هه‌تا هێزى پێشمەرگە لە ژێر کۆنترۆڵى حزبدا بێت میللەتى کورد لە ئازار و ناخۆشى رزگارى نابێت، دەڵێت"یەکخستنەوە و بەنیزامیکردنى هێزى پێشمەرگە هەنگاوێکى گرنگە، بەڵام دەبێت سەرۆکى هەرێم سەرەتا لە بەنیزامیکردنى هێزەکانى پارتیەوە دەستپێبکات و جیاوازى نەکات".

هەرچەندە یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک لیواى سەربازى هاوبەش لە چەکدارى حیزبەکان دروستکراون، بەڵام هه‌تا ئێستا یەکێتى و پارتى و بەرپرسەکانیان خاوەنى هێزى چەکدارى تایبەت بەخۆیانن و ئەو هێزانە موچە لە وەزارەتى پێشمەرگە و فەرمان لەحزبەوە وەردەگرن.

نورى حەمە عەلى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى و فه‌رمانده‌ی سەربازى، بۆ دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"وەکو پارتى پشتیوانى دەرهێنانى هێزى پێشمەرگە لە ژێر کۆنترۆڵى حزب و بەنیزامیکردنى هێزە چەکدارەکان دەکەن".

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمه‌ریکا، بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر بەنیزامیکردنى هێزى پێشمەرگە رێککەوتوون ، بەڵام یەکێتى نیشتیمانى کوردستان تێبینى لەسەر کات و میکانیزمى یەکخستنەوەکە هەیە.

سەفین مەلا قەرە سەرکردەى دیارى بزووتنەوەى گۆڕان، بۆ دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"تا کۆتایى دونیا ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان بەرگرى لە کورد ناکەن ، بەڵکو دەبێت کورد هێزە چەکدارەکانى یەکبخاتەوە و لە بەرامبەر هەڕەشە نێودەوڵەتیـیەکان پشت بەخۆى ببەستێت".

بەنیزامیکردن و یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە و دەرهێنانیان لەژێر کۆنترۆڵى حزب تەنها لە چوارچێوەى خواستى شەقامى کوردیدا نەماوەتەوە، بەڵکو وڵاتانى نێو دەوڵەتیش بە تایبەت ئەو وڵاتانەى بە دۆستى کورد هەژمارد دەکرێن هەمان داواکاریان لە سەرکردەکانى کورد هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00

XS
SM
MD
LG