Accessibility links

هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ له‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی مه‌خمور و گوێر هێرش ده‌که‌نه‌‌ سه‌ر داعش و پـێشڕه‌وی ده‌که‌ن


هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ پاڵپشـتی هێزی ئاسـمانی هاوپه‌یمانان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌کدارانی داعش له‌ هه‌ردوو ناوچه‌ی مه‌خمور و گوێر له‌ باشوری شاری موسڵ و توانیویانه‌ پـێشـڕه‌وی بکه‌ن و چه‌ند گوندێـک ئازادبکه‌ن.

ئه‌حمه‌د زێباری په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ولێر ڕاپـۆرتی له‌م باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و ده‌ڵێت چه‌کدارانی داعش هه‌وڵی دابوو دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو به‌ هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ بته‌قێنـنه‌وه‌، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ هه‌ردوو ئۆتۆمبیله‌که‌ی به‌ موشه‌کی میلان تێـکشـکاند.

پاشان ده‌ڵێت له‌ گوندی سوڵتان عه‌بدوڵڵا که‌ یه‌کێـکه‌ له‌و گوندانه‌ی ئه‌مڕۆ پـێشـمه‌رگه‌ ئازادی کردووه‌، داعش ته‌رمی 10 کوژراوی خۆی جێهێشتووه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌تی ناوه‌ندی له‌شـکری ئه‌مه‌ریکا به‌یانـنامه‌یه‌کی له‌ باره‌ی هێرشه‌ ئاسـمانیـیه‌کانی ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یاند، ده‌ڵێت 7 هێرش له‌ سوریا و سیان له‌ عێراق کراونه‌ته‌ سه‌ر شوێنه‌کانی داعش. ده‌شڵێت له‌و هێرشانه‌دا فڕۆکه‌ی جه‌نگی و فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان به‌کارهێنراون.

XS
SM
MD
LG