Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا: که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

  • Balen Salih

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

چه‌نده‌ جوانه‌ ئه‌و کاته‌ی شاعیرێک دێت و به‌ سوربوونێکه‌وه‌ به‌ره‌نگاری هه‌موو باره‌ باوه‌کان ده‌بێته‌وه‌ و پێمان ده‌ڵێت "که‌س وه‌ک خۆم مێژووی خۆم نانوسێته‌وه."

(که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) ئه‌و شاعیره‌یه‌ خۆی خۆی پێده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ ده‌نگه ڕاسته‌قینه‌ و‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی ژنی کورد.

بۆچی پێویسته‌ شیعری که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د بخوێنینه‌وه‌؟

ڕۆژنامه‌یه‌کی ناوداری نه‌رویژی له‌سه‌ر ئه‌م شاعیره‌مان ده‌نوسێت "که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د شیعری به‌توانا ده‌نووسێت که ‌کار له‌سه‌ر ژیان و ڕامیاریی و مێژوو و ئایین و ئه‌ڤین ده‌کات له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی که ‌تیایدا ده‌ژی."

شاعیر گه‌ر نه‌توانێت به‌رده‌وام خۆی نۆژه‌ن بکاته‌وه‌ و هه‌میشه‌ش له‌گه‌ڵ ڕه‌وته‌ نوێیه‌کاندا گوزه‌ر نه‌کات ئه‌وا هیچ گومانێکی تیادا نییه‌ هه‌نگاوه‌کانی ڕووه‌و خانه‌ی له‌ بیرچوونه‌وه‌ ده‌نێت، به‌ڵام بۆ شاعیرێکی وه‌ک که‌ژاڵ، به‌رده‌وام گیانی فێربوون و په‌لهاویشتن بۆ نوێگه‌رایی و گه‌ڕان به‌دوای داهێناندا به‌دی ده‌کرێت.

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له‌ نوسینه‌کانیدا ده‌خوازێت جیاوز بێت له‌ ده‌وروبه‌ری و به‌ زمانێکی شاعیرانه‌ پرسیاره‌ گه‌وره‌کانمان لا دروست ده‌کات سه‌باره‌ت به‌ بوون و ماف و ڕه‌هاییه‌ جوانه‌کانی ئازادی تا ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ی خۆی په‌یمان به‌ خوێنه‌رانی خۆی ده‌دات " ئه‌گه‌ر رۆژێ نه‌متوانى جیاوازترو باشتر له‌ئه‌مڕۆ بنووسم په‌یمانتان ده‌ده‌مێ که‌به‌زووترین کات واز له‌نووسین ده‌هێنم و له‌جیاتى ئه‌وه‌گۆره‌ویى وبلوز ده‌چنم بۆ منداڵان یان دوکانێکى گوڵفرۆشتن ده‌که‌مه‌وه‌ چونکه‌ له‌هه‌موو که‌سێ زیاتر له‌ژیانمدا خه‌ممخواردووه‌و به‌زه‌ییم هاتۆته‌وه‌به‌و قه‌ڵه‌مانه‌دا که‌پێشه‌نگى سه‌رده‌مێ له‌سه‌رده‌مه‌کان بوون و ئه‌مڕۆ به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌سه‌یرى خلۆربوونه‌وه‌ى به‌ره‌و ناخى زه‌ویى به‌رهه‌مه‌کانى ده‌کرێ ."

شاعیر بوون، داکۆکیکردن له‌ مافه‌کان کارێکی سانا نییه‌ و ئه‌رکێکی تا بڵێی قورسه‌، هه‌ر شاعیرێکی پیاو بێنیت هه‌رگیزا و هه‌رگیز ناتوانێت به‌ زمانی ژنان بدوێت یانیش بنوسێت و باس له‌ ئه‌ندێشه‌ و مه‌ینه‌تیه‌کانی ژنان بکات، به‌ڵام گرفته‌که‌ له‌وه‌دایه‌ کاتێک خانمێک دێت و ده‌نوسێت چه‌قۆکانی بیرکردنه‌وه‌ خێڵه‌کیه‌کان دێن و ده‌که‌ونه‌ ڕه‌وایی دان به‌ خوێن ڕشتنی ئه‌وانه‌ی هاوڕان له‌گه‌ڵ که‌ژاڵ ئه‌حمه‌ددا که‌ هیچ که‌سێک وه‌ک خۆیان مێژوویان بۆ نانوسێته‌وه‌.

ئایا زمانی ده‌ربڕین له‌ شیعری (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) دا هه‌ر ئه‌و زمانی ده‌ربڕینه‌یه‌ داکۆکی له‌ ژنان پێده‌کات؟

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له‌ ساڵی 1986 دا یه‌که‌م شیعری خۆی بڵاوده‌کاته‌وه‌ به‌ ناونیشانی (له‌لای ئێمه‌) و خاوه‌نی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ چاپکراوانه‌یه‌:
1-ده‌ربه‌ندی به‌رمۆدا 1999

2-وته‌کانی وتن 1999

3-قاوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌ودا2001

4- ئاوێنه‌م شکاند 2004

5- دیوانی که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 2006

6- من ده‌بێت خۆم بسمیل بکه‌م 2014

7- کتێبی ژن 1999 کۆمه‌ڵێک وتار و لێکۆڵینه‌وه‌

8- ناسنامه‌ی‌ بکوژه‌کان، وه‌گێڕان له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ وابه‌سته‌یی و به‌ جیهانی بوون.

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د خاوه‌نی ئه‌زموونی ڕۆژنامه‌وانیشه‌ و زیاتر له‌ 15 ساڵ کاری له‌ بواری ڕۆژنامه‌وانیشدا کردووه‌ له‌ ساڵی 1998 بۆ 2008 و بۆ ماوه‌یه‌کیش سه‌نوسه‌ری گۆڤاری (پشوو) بووه‌.

شیعره‌کانی که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د بۆ ژماره‌یه‌ک زمان وه‌ر‌گێڕدراون له‌وانه‌ زمانی ئینگلیزی و نه‌رویژی و عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌ڵمانی و تورکی و سویدی. ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی شیعری که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر شێوه‌ زاره‌کانی تری کوردی. ‌ بڕیاریشه‌ له‌ ساڵی ئاینده‌دا ژماره‌یه‌ک به‌رهه‌می تری ئه‌م خانمه‌ شاعیره‌مان له‌ دووتوێی دیوانێکدا به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ چاپ بگه‌یه‌ندرێت.

شیعره‌کانی که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د له‌ پێگه‌ی ئه‌لیکترۆنی شاعیرانی جیهاندا www.poetasdelmundo.com بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌. خانه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی cappelen له‌ نه‌رویژ که‌ له‌ ساڵی 1829 دامه‌زراوه‌ بۆ یه‌که‌م جار له ته‌مه‌نی کارکردنی خۆیدا دیوانێک بۆ که‌ژاڵ چاپ ده‌کات به‌ ناوی EROBRINGR .

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی به‌رنامه‌ی (ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا) یه‌:

XS
SM
MD
LG