Accessibility links

حکومەتى عێراق بودجەى جێبه‌جێکردنى ماددەى 140 دەبڕێت


حکومەتى عێراق لە بودجەى ساڵى 2015 هیچ بڕە پارەیەکى بۆ ماددەى 140 ی دەستورى عێراق تەرخان نەکردووە، ئەمەش وادەکات ئیش و کارى نوسینگەکانى جێبەجێکردنى ماددەى 140 لەناوچە دابراوەکان بوەستێت.

تەرخان نەکردنى بودجە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بۆ مادەى سەدوچل ، لەکاتێکدایە حکومەتى عێراق لەبودجەى ساڵى 2013 بڕى 172 ملیار دینارى بۆ جێبەجێکردنى ئەو ماددە دەستوریە تەرخانکردووە.

کاکەرەش سدیق بەرپرسى نوسینگەى کەرکوکى جێبەجێکردنى ماددەى 140 ، ئاماژە بەوە دەکات تەرخان نەکردنى بودجە بۆ ماددەى 140 گرفت لە بەردەم ئیش و کارەکانیاندا دروست دەکات، دەڵێت"زیاتر لە پانزە هەزار کوردى ئاوارە و عەرەبى راگوێزراو چاوەروانى قەرەبووکردنەوەن ، ئەمە جگە لەوەى نوسینگەکانى جێبەجێکردنى مادەى سەدوچل سەدان فەرمانبەریان هەیە و موچەیان لەسەر بودجەى مادەى سەدوچلە".

لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا 40 هەزار ئاوارەى کورد و 11 هەزار عەرەبى هاوردە لەسەر بودجەى مادەى 140 قەرەبووکراونەتەوە ، بە شێوەیەک هەر خێزانێکى عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار و هەر خێزانێکى کوردى ئاوارەش 10 ملیۆن دیناریان پێدراوە.

کاکە رەش سدیق دەڵێت"ئێمە پێویستمان بە زیادکردنى بودجەى ماددەى 140 بوو ، کەچى عەبادى بودجەکەى بە تەواوەتى بڕیوە".

ئەو خێزانە عەرەبانەى لە چوارچێوەى مادەى 140 دا قەرەبووکراونەتەوە فۆرمى خۆراکەکانیان بۆ ئەو ناوچانە گواستووەتەوە کە پێش هاوردەکردنیان بۆ کەرکوک لەلایەن رژێمى بەعسەوە لێى نیشتەجێبوون.هەروەها خێزانە کوردە ئاوارەکانیش لەناوچەکانى هەرێمى کوردستانەوە فۆرمەکانیان بۆ کەرکوک گواستووەتەوە.

سەمیر محەمەد نور سەرۆکى ئەنجومەنى شارەوانى قەزاى خانەقین، دەڵێت"زۆربەى خێزانە عەرەبە هاوردەکان شارى خانەقینیان جێهێشتووە و لەئێستادا جێبەجێکردنى ماددەى 140 پێویستى بە بودجەیەکى ئەوتۆ نیـیە".

بڕینى بودجەى مادەى 140 لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، لە کاتێکدایە کێشەى ناوچە دابڕاوەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دا بە هەڵپه‌سێراوی ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG