Accessibility links

مەترسى تەقاندنەوەى بەنداوى عوزێم لە پارێزگاى دیالە لەلایەن داعش لە ئارادایە


دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە داعش لە پارێزگاى دیالە شەڕى ئاوى دەستپێکردووە و لە ئێستادا حکومەتى عێراق ترسى لە تەقاندنەوەى بەنداوى عوزێم لە ناوچەى مەنسوریە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە لێنیشتووە.

بەنداوى عوزێم لە پارێزگاى دیالە پێنج دەروازەى هەیە و هەر ڕێڕەوى دەروازیەکیش بەرەو ناوچەیەک دەڕوات، لە حاڵەتى تەقاندنەوەى بەنداوەکەدا لەلایەن داعشەوە مەترسى لەسەر شارى باقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە و قەزاى شارەبان و بەلەدروز دروست دەبێت.

ئیبراهیم حەسەن باجەلان سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، دەڵێت"داعش لە رێگەى بەستنى چەند دەروازەیەک لە دەروازەکانى بەنداوى عوزێم دەتوانێت فشارى ئاو دروستبکات و هەندێک ناوچەى دیالە بخاتە ژێر ئاوەوە".

هاوکات ئەمەل عیمران ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، وێراى جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە بەنداوى عوزێک لەژێر کۆنترۆڵى داعش دایە، دەڵێت"داعش بەردەوام لەلایەن فرۆکە جەنگیـیەکانەوە بۆمبـباران دەکرێت بۆ ئەوەى نەیپەرژێتە سەر تەقاندنەوەى بەنداوى عوزێم".

لاى خۆیەوە پشتیوان ئەحمەد ئەندامى خولى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، پێیوایە داعش لە پاشەکشەدایە و لە ئێستادا هەموو کارتەکانى دەستى بەرامبەر نەیارەکانى بەکار دەهێنێت. بە پێویستیشى دەزانێت هەڕەشەکانى داعش لەسەر بەنداوى عوزێم بەجدى وەربگیرێت.

XS
SM
MD
LG