Accessibility links

هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق لەسەر ناردنەوەى ئاوارەکانى جەلەولا و سەعدیە رێککەوتن


حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر پوچەڵکردنەوە و تەقاندنەوەى بۆمبە چێنراوەکانى نێو ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیە و دروستکردنى هێزێک لە خەڵکەکەى بۆ پاراستنى ئەمنیەتى ناوچەکانیان و ناردنەوەى ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان رێککەوتن.

وەفدى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق بۆ پوچەڵکردنەوەى بۆمبە چێنراوەکان و ناردنەوەى ئاوارە عەرەبەکان دواى دوو کۆبوونەوە رێککەوتن ، کە دوا کۆبوونەوەیان دوێنێ پێنجشەمە لە نێوان سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە و ئیدارەى خانەقین لە بارەگاى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى ئەنجامدرا.

هێمن مەنسور کارگێرى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و ئاگادارى وردەکارى رێککەوتنەکەى نێوان هەرێم و ناوەند ئاماژەبەوەدەکات هەرێم و ناوەند رێککەوتن لەسەرناردنى تیمى پوچەڵکردنەوەى مین بۆ جەلەولا و سەعدیە و دروستکردنى هێزێک لە دانیشتوانى ئەو دوو ناحیەیە بۆ پاراستنى ناوچەکانیان، دەڵێت"دواى پوچەڵکردنەوەى بۆمبە چێنراوەکان و دروستکردنى هێزە هاوبەشەکە ، ئاوارەکانى جەلەولا و سەعدیە رەوانەى سەر ماڵ و حاڵیان دەکرێنەوە".

بەپێى ئامارێکى قایمقامیەتى قەزاى خانەقین کە دەست دەنگى ئەمه‌ریکا کەوتووە، نزیکەى 20 هەزار خێزانى جەلەولا و سەعدیە بەهۆى شەرى داعشەوە ئاوارەى قەزاى خانەقین بوون.

رێککەوتنى نێوان وەفدى هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنەوەى ئاوارەکان بۆ جەلەولا و سەعدیە ، لە کاتێکدایە سوپاى عێراق و میلیشیا شیعەکان بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەن بە گەڕانەوەى دانیشتوانى ناحیەى سلێمان بەگى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین بۆ سەر ماڵ و حاڵیان هەرچەندە ئەو ناحیەیە لە داعش پاککراوەتەوە.

دکتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین ، باس لەوە دەکات گوندەکانى دەوروبەرى ناحیەى سلێمان بەگ پێشتر مۆڵگەى چەکدارە توندڕەوەکان بووە و ناتوانرێت خەڵکى ئەو ناوچانە لە داعش جیابکرێتەوە، دەڵێت"گومان دەکرێت لەو ناوچانە چەک و تەقەمەنى زۆر شاردرابێتەوە بۆ ئەوەى ئەو چەکانە لە دژى سوپا بەکاربهێنرێن بۆیە رێگە بە خەڵکى سلێمان بەگ نەدراوە بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان".

XS
SM
MD
LG