Accessibility links

ئیسلامیەکان و بزوتنەوەى گۆڕان لە هاوهەڵوێستیەوە بۆ ڕه‌خنه‌گرتن لە یەکترى


رێککەوتنى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى پارێزگاى سلێمانى ناکۆکى لە نێوان ئەو بزوتنەوەیە و دوو لایەنە ئیسلامیەکەى هەرێمى کوردستان قوڵ دەکاتەوە و کۆتایى بەو هاوپەیمانێتیە سیاسیە دەهێنێت کە لە رابردوودا لەنێوانیاندا هەبووە.

پێش دروستبوونى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێم و لە سەردەمى ئۆپۆزسیۆندا، بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامی لە یەک بەرەدا بوون و لە زۆربەى پرسە سیاسیەکاندا خاوەنى گوتارێکى سیاسى هاوبەش بوون، بەڵام بەشداریکردنیان لە حکومەت کۆتایى بە هاوپەیمانێتى نێوانیان هێنا.

بێستون ژاڵەیى کادێرى پێشکەوتووى یەکگرتووى ئیسلامى کە ماوەى چەند مانگێکە سەربەخۆبوونى خۆى راگەیاندووە، پـێـیوایە سەرەتاى دروستبوونى حەساسیەت لە نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و ئیسلامیەکان بۆ کاتى هەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە، کاتێک بزوتنەوەى گۆڕان پەناى بردە بەر کاندیدکردنى خەڵکى ئیسلامى ، دەڵێت"دواى تەواوبوونى هەڵبژاردنیش، ئیسلامیەکان نەیانتوانى پۆستى پارێزگارى سلێمانى بەلاى بەرژەوەندى گۆڕاندا یەکلایى بکەنەوە ، ئەمەش کاریگەرى گەورەى هەبوو لەسەر کۆتایى هاتنى هاوهەڵوێستی نێوانیان."

هەرچەندە سەرەتاى لە یەکدابڕانى ئیسلامیەکان و بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کاتى دانوستانەکانى پێکهێنانى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێم دەگەرێتەوە کە هەرلایەنە و بەجیا گفتووگۆ و دانوستانى لەگەڵ لایەنى پێکهێنەرى حکومەتدا دەستپێکرد، بەڵام پشتگیرى‌نەکردنى ئیسلامیەکان لە کاندیدى گۆڕان بۆ پارێزگارى سلێمانى وایکرد بە یەکجارى ماڵئاوایى لە یەکترى بکەن.

دابڕانى بزوتنەوەى گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان سودمەندبوونى بزوتنەوەى گۆڕان و زەرەرمەندبوونى ئیسلامیەکانى لێکەوتەوە ، بەو پـێیەى گۆڕان بە ڕێککەوتنى لەگەڵ یەکێتى و پارتى بەشێکى زۆر لە پۆستەکانى سلێمانى و هەولێرى پێدراوە و ئیسلامەکانیش نیگەرانن لەوەى خراونەتە دەرەوەى رێکەوتنەکانەوە.

محەمەد عەبدولوەهاب ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە فراکسیۆنى گۆڕان ، دەڵێت" لە رێکەوتنى نێوان گۆڕان و یەکێتیدا لەسەر پـۆستەکانى سلێمانى پشکى لایەنە ئیسلامیەکان دانراوە ، بەڵام ئەوان بەو پشکە رازى نین".

پەیوەندى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان بە شێوەیەک تێکچووە، لیستى خزمەتى سەر بە یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەى گۆڕان تۆمەتبار دەکەن بەوەى لەگەڵ یەکێتیدا پۆستەکانى سلێمانى قۆرخکردووە.

سەلیم کۆیى ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى رەخنە لە رێکەوتنەکەى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى دەگرێت، دەڵێت" تەوافوقى سیاسى لە نێوان گۆڕان و یەکێتى نەریتێکى خراپە و نەدەبوو بزووتنەوەى گۆڕان بچێتە ژێر بارى ئەو رێککەوتنەوە".

رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتى و گۆڕان لەسەر پۆستەکانى پارێزگاى سلێمانى نەک لایەنە ئیسلامیەکانى لە بزوتنەوەى گۆڕان دور خستووەتەوە، بەڵکو شەڕى راگەیاندنیشى لە نێوانیاندا دروستکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:59 0:00

XS
SM
MD
LG