Accessibility links

چەکدارە شیعەکان رێکەوتنێکیان لەگەڵ پێشمەرگە پێشێل دەکەن


لە کاتێکدا ماوەى کەمتر لە مانگێکە شارۆچکەى سەعدیە لەلایەن سوپاى عێراق و میلیشیا شیعەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام هێزى پێشمەرگە نە ڕۆیشتووەتە نێو ئەو ناحیەیەوە.

رێگەنەدان بە رۆیشتنى هێزى پێشمەرگە بۆ سەعدیە لەلایەن چەکدارە شیعەکانەوە، لە کاتێکدایه‌ هێزێکى گەورەى شیعەکان لە ناو جەلەولادا جێگیرکراون و لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە رێگریـیان لێنەکراوە.

جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند" لەگەڵ سوپاى عێراقدا رێککەوتوون سەعدیە لە ژێر کۆنترۆڵى سوپا و جەلەولاش لە ژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگەدا بێت ، بۆیە پێشمەرگە نەرۆیشتووەتە نێو سەعدیەوە".

رێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و سوپا سەبارەت بە مانەوەى جەلەولا لە ژێر کۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگە لە کاتێکدایە ، میلیشیا شیعەکان بێ گوێدانە ئەو رێکەوتنە رۆیشتوونەتە نێو جەلەولاوە.

لەو بارەیەوە جەبار یاوەر وتى"تەنها سریەیەکى چەکدارە شیعەکان لەجەلەولایە".

نەرۆیشتنى هێزى پێشمەرگە بۆ سەعدیە وایکردووە دانیشتوانە کوردەکەى ئەو ناحیەیە نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئەحمەد زرگۆشى بەرێوەبەرى ناحیەى سەعدیە، ئاماژە بەوە دەکات دانیشتوانى سەعدیە کوردى شیعە مەزهەبن و جیاوازى مەزهەبى و نەتەوایەتى وایکردووە لە رابردوودا لەلایەن چەکدارە سونەکانەوە کوشت‌وبڕبکرێن ، دەڵێت" لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا لە عەشیرەتى زرگۆش 150 بۆ 200 کەس کوژراون".

رێگەنەدانى سوپا و میلیشیا شیعەکان بە رۆیشتنى هێزى پێشمەرگە بۆ سەعدیە ئەو بڕوایەى لە نێو شەقامى کوردیدا دروستکردووە، کە گێڕانەوەى شارۆچکەى سەعدیە بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئەستەم تر ببێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:58 0:00

XS
SM
MD
LG