Accessibility links

لیژنەى ئەمنى و کشتوکاڵى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک جوتیاره‌کانی سه‌ر به‌ داعش سـزا ده‌ده‌ن


بە بڕیارێکى حکومەتى عێراقى کە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە زۆرینەى دەنگ پەسەندى کردووە ، گرێبەستى کشتوکاڵى هەموو ئەو جوتیارە عەرەبانەى گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوک هەڵدەوەشێنرێتەوە کە چوونەتە ڕیزى چەکدارەکانى داعشەوە.

دواى پەسەندکردنى بڕیارەکەى حکومەتى عێراق لەلایەن ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکەوە، لە ئێستادا لیژنەى ئەمنى و لیژنەى کشتوکاڵى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک سەرقاڵى ئامادەکردنى ناوى ئەو جوتیارانەن کە پەیوەندیان بەداعشەوە کردووە.

ئازاد جەبارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى کشتوکاڵى ئەو جوتیارانەى پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە بڕیارێکى حکومەتى ناوەندیـیە و ئەنجومەنى پارێزگا پەسەندى کردووە".

هەروەها وتیشى"مەبەست لەو بڕیارە بڕینى سەرچاوەى بژێوى ژیانى جوتیارە داعشەکانە".

ئامادەکاریـیەکان بۆ وەرگرتنەوەى زەویە کشتوکاڵیەکان لە جوتیارە داعشەکان ، لە کاتێکدایە داعش بەردەوامە لەسەر هێرشەکانى بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە باشور و خۆرئاواى کەرکوک.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، دەڵێت"ئەو چەکدارانەى داعش کە دیالە و بێجیان بەجێهێشتووە لە ئێستادا هاتوونەتە کەرکوک و ئەمەش وایکردووە بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر پێشمەرگە".

لە کاتێکدا لە قۆڵى کەرکوکەوە شەڕى نێوان پێشمەرگە و داعش بەردەوامە ، بەڵام لە قۆڵى پارێزگاى دیالەوە کە لە داعش پاککراوەتەوە ناو بەناو گرژى لە نێوان پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان ڕوودەدات و دوا گرژى نێوانیشیان ئەمڕۆ دووشەممە روویدا ، کە هۆکارى گرژیەکە ڕێگرىکردنى پێشمەرگە بووە لە تاڵانکردنى ماڵى هاوڵاتیان لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە.

XS
SM
MD
LG