Accessibility links

ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا: عه‌دنان که‌ریم

  • Balen Salih

عه‌دنان که‌ریم

عه‌دنان که‌ریم

له‌ زاری زۆر که‌س بیستوومه‌ هونه‌ری گۆرانی چڕین یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌ سه‌خت ترین هونه‌ر که‌ که‌سێک بیه‌وێت تیایدا کار بکات.

هه‌ر ده‌نگ خۆشی به‌س نییه‌ تا ببیته‌ هونه‌رمه‌ندێکی سه‌رکه‌وتووی گۆرانی وتن، به‌ڵکو پێویسته‌ سه‌لیقه‌یه‌کی گه‌وره‌ت هه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌ق و له‌ گونجاندنی ئاواز و هه‌روه‌هاش چۆنیه‌تی چڕینی ستران و کاریگه‌ریه‌کانی له‌ره‌ی ده‌نگ و سۆزی گۆرانی وتنه‌که‌ش ئاماده‌ییه‌کی به‌رچاویان هه‌یه تا گوێگر جارێکی تریش به‌دوای به‌رهه‌مێکی تری ئه‌م یان ئه‌و هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژدا بگه‌ڕێت، وه‌ک چۆن ئێستا به‌ چێژ و تامه‌زرۆییه‌کی زۆره‌وه‌ گوێ بۆ ئاوازه‌ باڵاکانی عه‌دنان که‌ریم ڕاده‌دێرین‌.

یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی کاتێک گۆرانیه‌ک پێشکه‌ش به‌ ڕۆحمان ده‌کات (عه‌دنان که‌ریم) ه‌. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌مان له‌ یه‌ک کاتدا شاعیره‌ کلاسیکه‌کانمان و شاعیرانی ئه‌مڕۆشمان به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌ و هه‌ر ئاوازێک له‌گه‌ڵ ده‌نگیدا نه‌گونجێت و هه‌ر تێکستێکی گۆرانیه‌کیش ته‌واو له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆیدا نه‌که‌وێته‌ سه‌ماکردن ئه‌وا هه‌رگیز توخنی ناکه‌وێت، باشترین به‌ڵگه‌ش یه‌ک به‌ یه‌کی گۆرانیه‌کانی خۆین.

عه‌دنان که‌ریم سنوره‌ جوگرافیه‌کانی شێوه‌زاره‌کانی زمانیش ده‌به‌زێنێت و هه‌روه‌هاش خۆی به‌ موزیکی ناوچه‌یه‌که‌وه‌ نابه‌ستێته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ گه‌ڕاندایه‌، هه‌میشه‌ له‌ ئه‌زموونکردندایه‌ تا باشترین به‌ری ڕه‌نجی خۆییمان پێ ببه‌خشێت، چونکه‌ به‌رپرسانه‌ کار ده‌کات. بۆ عه‌دنان که‌ریم هونه‌ری گۆرانی به‌رپرسیارێتیه‌، به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر فه‌رهه‌نگ ، به‌رامبه‌ر خود به‌رامبه‌ر هانده‌رانی.

عه‌دنان که‌ریم یه‌کێکه‌ له‌و ژماره‌ هونه‌رمه‌نده‌ که‌مانه‌ی ناخوازێت بچێته‌ بازاڕی گۆرانیه‌وه‌، ده‌خوازێت هه‌میشه‌ ده‌روێشێکی خانه‌قای ڕه‌سه‌نایه‌تی و هاوچه‌رخی‌ بێت و وه‌ک عاشقێکی به‌هره‌که‌ی خۆیبه‌رده‌وام به‌ گوێماندا بخوێنێت و نه‌رم نه‌رم بڵێت ئه‌وه‌تا ستران بۆ عه‌شق و بۆ جوانی و بۆ پاکیزه‌یی که‌نیزه‌ خه‌مباره‌کان ده‌چڕین که‌واته‌ ژیان به‌رده‌وامه‌ و گۆرانیش هه‌میشه‌ بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ژیان داده‌گیرسێت.

زیاده‌ ڕۆیی نییه‌ گه‌ر بڵێم عه‌دنان که‌ریم له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆرانیه‌کیشیدا فێرمان ده‌کات گوێگرێکی باش بین، گوێگرێک بین له‌ نێو ڕه‌هه‌نده‌کانی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌رخه‌وانیدا گوزه‌ر بکه‌ین.

هه‌میشه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ له‌ هزری گوێگریدا ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ ژیارێکی له‌ ئاواز بۆ دروست ده‌کات و دووچاری ڕامان و وردبوونه‌وه‌یه‌کی قوڵی ده‌کات.

ژیاری ئاواز هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ بێت و بڕوا به‌ڵکو ده‌بێته‌ باخچه‌یه‌کی پڕ پڕ له‌ نۆته‌ و له‌و وشانه‌ی به‌ سه‌رسامیمان ده‌سپێرن.

(عه‌دنان که‌ریم) ی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ به‌رده‌وام به‌ چڕینی گۆرانیه‌ به‌ سۆزه‌کانی به‌رده‌وام ئاشنامان ده‌کات به‌ داهێنانه‌کانی خۆی له‌ هونه‌ری موزیک و گۆرانیدا.

ده‌بێت عه‌دنان که‌ریم چ پێناسه‌یه‌ک بۆ گۆرانی بکات؟

ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێتیانه‌ چین ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یان دروستکردووه‌؟

هه‌ندێک پێیان وایه‌ ئێستا گۆرانی کوردی له‌ پاشاگه‌ردانیه‌کی دژواردایه‌، ئایا عه‌دنان که‌ریم و هونه‌رمه‌ندانی ڕه‌سه‌نی تر ده‌توانن هونه‌ری گۆرانی له‌و پاشاگه‌ردانیه‌ ڕزگار بکه‌ن؟

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و ژماره‌یه‌ک پرسی تریش له‌ ده‌قی به‌رنامه‌ی "ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا"یه‌:

XS
SM
MD
LG