Accessibility links

جەلەولا: 15 خۆکوژ لەنێو ماڵەکاندا خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێت خۆیان بە پێشمەرگە و سوپادا بتەقێننەوە


بەرپرسێکى کوردى ناحیەى جەلەولا، ئاشکرای‌دەکات زانیاریان دەستکەوتووە لەسەر هەبوونى 15 چەکدارى خۆکوژ لە نێو جەلەولادا، کە ئەو چەکدارانە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەى خۆیان بە پێشمەرگە و سوپاى عێراقدا بتەقێننەوە.

ئه‌م زانیاریـیانه‌، لە کاتێکدایە لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا لە نێو جەلەولادا 2 چەکدارى خۆکوژ پێش ئەوەى خۆیان بە پێشمەرگەدا بتەقێننەوە تەقەیان‌لێکراوە و کوژراون.

خەلیل خوداد بەرپرسى کۆمیتەى جەلەولاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"زانیاریمان هەیە 15 چەکدارى خۆکوژ لەنێو ماڵە چۆڵەکانى جەلەولا خۆیان حەشارداوە و بەدواى هەلدا دەگەڕێن بۆ ئەوەى خۆیان بە پێشمەرگەدا بتەقێننەوە، کە تیایاندایە جلى سەربازى و تێشیاندایە جلى کوردى لەبەر کردووە".

پـێشتر ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لەنێو جەلەولادا بوون بە تایبەت ئەو کاتەى کە عەشیرەتى کروى کە عەشیرەتێکى سووننە مەزهەبە پشتگیرى دەکردن، بەڵام لە ئێستادا ئەندامەکانى ئەو عەشیرەتە پشتیان لە داعش کردووە و رۆیشتوون بەرەو شارى باقوبەى سەنتەرى پارێزگاى دیالە و پەیوەندیان بە سوپاوە کردووە.

ئەو چەکدارە کرویانەى چوونەتە نێو سوپاى عێراقەوە و ژمارەیان بە 120 چەکدار مەزەندە دەکرێت لە چەند مانگى رابردوو لە شەڕێکى قورسدا بوون لەگەڵ پێشمەرگە، تۆمەتبارن بەوەى دەستیان بەخوێنى ژمارەیەک پێشمەرگە سوورە.

خەلیل خوداد دەڵێت"ناوى سەرجەم ئەو چەکدارانەمان داوەتە پۆلیسى دیالە."

ناحیەى جەلەولاى سەربە قەزاى خانەقین هەرچەندە ماوەى هەفتەیەکە لە بن دەستى داعش دەرهێنراوە، بەڵام دانیشتوانەکەى ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، ئەمەش بەپێى قسەى یوسف لهێبى کە هاوڵاتیەکى دانیشتووى ناحیەکەیە.

یوسف لهێبى لە ئێستادا ئاوارەى قەزاى خانەقین بووە، دەڵێت"لەم کاتەدا ناتوانین بگەڕێنەوە بۆ جەلەولا، چونکە ناو ماڵان و بازاڕ و کوچە و کۆڵانەکان بۆمبڕێژکراون، هەروەها زۆربەى ماڵە کوردەکانیش تەقێنراونه‌تەوە".

ناحیەى جەلەولا هەرچەندە لەلایەن پێشمەرگە و سوپاى عێراقەوە کۆنترۆڵکراوە ، بەڵام پێناچێت بەم نزیکانە بارودۆخى ئەو ناحیەیە ڕوو لە سەقامگیرى بکات و دانیشتوانەکەى بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، بەو پـێـیەى ئەم ناحیەیە نزیکە لە زنجیرە چیاى حەمرینەوە کە لە رابردوودا پێگەى بەهێزى گروپە چەکدارەکان بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:34 0:00

XS
SM
MD
LG