Accessibility links

داعش له‌ ڕۆژئاوای زومماری موسڵ هێرشێـکی گه‌وره‌ ده‌کات و ده‌یان چه‌کداری ده‌کوژرێن

  • ئه‌میر گۆران

چەکدارانى گروپى دەوڵەتى ئیسلامى لە چەند قولێکەوە شه‌وی سێشه‌ممه‌ و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هێرشێـکی گه‌وره‌یان کرده‌ سەر بارەگا و بازگەکانى هێزەکانى پـێشمەرگە له‌ ڕۆژئاوای زوممار و له‌ ئاکامدا ده‌یان چه‌کداری کوژراون.

لەم بارەیەوە رائید خانەمیر هەرکى، ئەفسەر لە فەرماندەى دهۆکى پـێشمەرگە لە زوممارەوە تایبەت بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا وردەکارى شەڕەکەى ئاشکرا کرد و رایگەیاند داعش لە گوندەکانى (حەمە گولۆ) (جەسە) (سەهلچ) لە باشوورى رۆژئاواى زوممار بە مەبەستى کۆنترۆڵکردنى بازگەکانى پـێشمەرگە لە سێ قوڵەوە بەرەبەیانى ئەمڕۆ هێرشیان ئەنجام دا و شەڕێکى سەخت لە نێوان هێرشبەران و پێشمەرگە سەرى هەڵدا. هاوکات فڕۆکە جەنگیـیەکانى هاوپەیمانانیش بۆردومانیان دەستپێکرد و بە هاوکارى هەردوولا توانرا هێرشەکەى داعش تێکبشکێندرێن.

ئەو ئەفسەرە ئاماژەى بە کوژرانى لایەنى کەم 39 چەکدارى داعش کرد و گوتى تەرمەکانیشیان جێماون و ئێمەش وێنەکانمان گرتوون هەروەک ئاماژەى بەوش کرد کەوا زۆربەى کوژراوانى داعش ناسنامەى تورکیان لەلابووە. بە وتەى ئەو ئەفسەرەى پێشمەرگە جگە لە کوژرانى ئەو ژمارەیەى داعش 9 ئۆتۆمبیلیشیان سوتێندران و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەک لە ئۆتۆمبیلەکانیان و کەرەستەى سەربازى زیانەکانى پێشمەرگەش بە وتەى ئەو ئەفسەرە 3 پێشمەرگە گیانیان له‌ده‌سـتداوه‌ و 2 ی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکى تریشەوە شەوى رابردوو بە هەمان شێوەى له‌ زوممار داعش گەورەترین هێرشى بۆ سەر بەنداوى موسڵ ئەنجام دا، بەڵام بە وتەى سەرچاوە سەربازیـیەکان لەو ناوچەیە داعش لەو هێرشەش شکستى خواردووە و دەیان چەکداریان لێ کوژراوە.

لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا عەزیز وەیسى فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێرەڤانى ئاماژە بەوە دەکات داعش هەفتەیەکە لە تەلەعفەر و موسڵەوە خۆى بۆ ئەو هێرشەى سەر بەنداوى موسڵ ئامادە کردووە بەمەبەستى کۆنترۆل کردنەوەى. گوتیشی داعش بەهێزێکى گەورە و چەکى قورسەوە ئەو هێرشەى ئەنجام دابوو، به‌ڵام تۆپخانەکانى پێشمەرگە و فرۆکە جەنگیەکانى هاوپەیمانان له‌ ئاسمانه‌وه‌ وەڵامى توندى هێرشەکەیان داوەته‌وه‌ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە زیانەکانى پێشمەرگە بکات. گوتوشیەتى دەتوانین بڵێین گەورەترین هێرشى داعش تێک شکێندراوە و زیاتر لە 200 چەکداریان لێ کوژراوە.

هەر شەوى رابردوو چەکدارانى داعش لە میحوەرى خازر لە رۆژهەڵاتى موسڵ پـێشڕەویـیان کردو ڕووبەڕووبونەوه‌یەک لە نێوان داعش و پێشمەرگە سەرى هەڵدا، لە هەمان کاتدا داعش دوو موشەکى کاتیۆشاى ئاڕاستەى شارۆچکەى کەڵەکى سەر بە قەزاى بەردەڕەش کرد و بەر ماڵی هاوڵاتیەک کەوت و بەهۆیەوە 2 ژن برینداربوون.

XS
SM
MD
LG