Accessibility links

پـێشڕه‌ویـیه‌کانی پـێشـمه‌رگه‌ ناوه‌رۆکی کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پـێشـمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان ده‌بێت


رۆژی دووشەممە بە سەرپەرشتی مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی شاندێكی وەزارەت و نوێنەرانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی كە لە نێردەی سەربازی وڵاتانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و كەنەدا و ئوسترالیا و هۆلەندا پێكهاتبوون ، كۆبوونەوەی هەفتانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەربازی بەڕێوەچوو.

لەم بارەیەوە هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕایگەیاند ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە پـێشڕەویـیەكانی هێزەكانی پـێشمەرگەی كوردستان سەرلەنوێ تاووتوێکرایه‌وه‌ و ئەو پـێداویستیانەی كە پێویستە هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی رەوانە بكەن و هەروەها ئەو پێداویستیانەی كە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بە دەست هێزەكانی پـێشمەرگە گەیشتوون و گرنگی ڕۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لەم شەرەی دژی داعش.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوه‌كەدا نێردەی هاوپەیمانان پوختەی كاروچالاكییە سەربازیەكانی خۆیان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو خستەڕوو بە تایبەتی لە بواری مەشق و راهێنانەكان لە ئێستادا لە بەشێك بنكەكانی مەشق لە هەرێمی كوردستاندا یەكەی مەشقی جیاواز كراونەتەوە لە سەر جۆرەكانی چەك و هەڵگرتنەوەی مین و ئامێرەكانی بێتەلی سەربازی و ئەو كەرەستانەی كە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ پـێشمەرگە نێردراون و پێویسته‌ مه‌شقیان له‌سه‌ر بکرێن.

XS
SM
MD
LG