Accessibility links

موسڵ : هێرشێـکی داعش له‌ چیای به‌عشیقه‌ تێـکده‌شکێندرێت و 20 چەکدارى داعش دەکوژرێن


بەرەبەیانى ڕۆژی دووشه‌ممه‌ چەکدارانى داعش لە بنارى چیاى بەعشیقە لە رۆژهەڵاتى موسڵ هێرشیان کردە سەر 2 بارەگاى هێزەکانى پێشمەرگە و ڕووبەڕووبونەوەیەکى سەخت لە نێوانیاندا روویدا، دواتر بە پاڵپشـتی فڕۆکە جەنگیـیەکانى هاوپەیمانان توانرا هێرشەکەى داعش تێکبشکێندرێت.

لەم بارەیەوە سەعید مەمۆزینى وتەبێژى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە موسڵ بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا گوتى شەڕوپێکدادانەکە 40 خولەکى خایاند و لە ئاکامدا زیاتر لە 20 چەکدارى داعش لە ئەنجامى بۆدرومانەکەى فڕۆکە جەنگیـیەکان کوژران و زیاتر لە 30 چەکدارى دیکەش برینداربوون.

لە لایەکى تریشەوە عیسمەت رەجەب، بەرپرسى لقى پارتى دیموکراتى کوردستان لە موسڵ بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند کەوا لە ڕێگاى نێوان قەزاى بەعاج و موسڵ کاروانى ئۆتۆمبیلەکانى ئەبو حەسەن جەزراوى سەرکردەى دیارى ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى و یەکێک لە دامەزرێنەرانى ئەو رێکخراوە لە لایەن فڕۆکە جەنگیـیەکانى هاوپەیمانانەوە کرایە ئامانج و ناوبراو لەگەڵ 3 لە پاسەوانانى تایبەتى کوژران.

هەر ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئیبراهیم خودێدا کە یەکێکە لە چەکدارانى ئێزدیى بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا کەوا هێزەکانیان بە هاوکارى لەگەڵ هێزەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل یەپەگە لە کۆمەڵـگاى خانەسوور لە نزیک ناحیەى سنونێ توانیویانە چوار گەنجى ئێزدیى لەدەست چەکدارانى داعش رزگار بکەن.

لەلایەکى ترەوە نایف سەیدۆ، بەڕێوبەرى ناحیەى سنونێ سەر بە قەزاى شەنگال بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند کەوا سەدان هاوڵاتى لەسەر چیاى شەنگال ماونەتەوە و پێویستیان بە هاوکارى مرۆیى و چەک و تەقەمەنى هەیە. ناوبراو داواى لە وەزارەتى پـێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد کەوا بە ڕێگاى هەلیکۆپتەر هاوکارى مرۆیى و داودەرمان بگەیه‌ندرێـتە سەر چیا. هۆشدارى ڕوودانى کارەساتى مرۆییشى دا لەسەر چیاى شەنگال ئەگەر بە زووترین کات بە هانایانەوە نەچن.

شایەنى باسە لەگەڵ ئەوەى بەشێک لە ناوچەکانى دەوروبەرى موسڵ و چەند ناوچەیه‌کى ترى سەر بە قەزاى شەنگال ئازادکراون، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە هەزاران هاوڵاتى شەنگال و دەوروبەرى لە ئێستادا لە لایەن داعشەوە دەست بەسەرن و سەدانى تریش کوژراون.

هەرچەندە وەزارەتى پـێشمەرگە رایگەیاندووە پلانى داهاتوویان رزگارکردنى شەنگال دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نیـیە کەى ئەو پلانە جێبەجێ دەکرێت و چارەنووسى ئەو بەدیل گیراوانەى ژێر دەستى داعش چى دەبێت؟.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:23 0:00

XS
SM
MD
LG