بەرپرسانى شارى کەرکوک ، ئاشکرای دەکەن تەنها لە ماوەى پێنج مانگى رابردوودا 74هەزار عەرەبى ئاوارە ڕوویان لە شارى کەرکوک کردووە ، دەڵێن"ئەو ئاوارە عەرەبانە گرفتى ئەمنیـیان لە شارەکەدا دروستکردووە".
ئەو ئاوارە عەرەبانەى ڕوویان لە کەرکوک کردووە، بەهۆى کۆنترۆڵکردنى ناوچەکانیان لەلایەن داعش و ترسیان لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگیـیهکان، ماڵ و حاڵى خۆیان له پارێزگانی تری عێراق بهجێهێشتووە.
کاکەڕەش سدیق بەرپرسى نوسینگەى کەرکوکى جێبەجێکردنى ماددەى 140 ، بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند"ئەو ئاوارە عەرەبانەى ڕوویان لە کەرکوک کردووە ماڵ و حاڵى خۆیان لە پارێزگاکانى موسڵ و دیالە و ئەنبار بەجێهێشتووە".
رۆیشتنى ههزاران ئاوارەى عەرەب بۆ شارى کەرکوک ، جگە لە گرفتى ئەمنى ، کێشەى کۆمەڵایەتى و نیشتەجێبوونیشى لەو شارە دروستکردووە، بە شێوەیەک لە هەندێک خانوودا پـێنج خێزانى ئاوارەى تێدا دەژى.
ئاوات محەمەد ئەمین ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، دەڵێت" هاتنى ههزاران ئاوارهی عهرهب بۆ شارى کەرکوک گرفتى ئەمنى لە شارەکەدا دروستکردووە، بە تایبەت زۆربەى ئاوارەکان سەرۆک خێزانیان لەگەڵ نیـیە و تهنها لە ژن و منداڵ پێکهاتوون".
هاتنى ئەو ژمارە زۆرە ئاوارە عەرەبە بۆ کەرکوک پێدەچێت جێبەجێکردنى ماددەى 140 کە تاکو ئێستا بە هەڵواسراوى ماوەتەوە قورستر بکات.