Accessibility links

پـێشمەرگە و سوپا لە دەروازەى ناحیەى سەعدیە نزیک‌ده‌بنه‌وه‌ و ئاسایشى گەرمیانیش رێوشوێنى ئەمنى توند دەگرێتەبەر


سوپاى عێراق بە هاوکارى هێزى پـێشمەرگە و رێکخراوى بەدر رێگەى ئیمام وەیسى خۆرهەڵاتى ناحیەى سەعدیەیان کۆنترۆڵکرد و لە ئێستادا ئەو هێزانە لە دەروازەى ناحیەکە نزیکبوونەتەوە، چەکدارەکانى داعشیش لە نێو ناحیەکەدا خۆیان بۆ شەڕێکى قورس ئامادە دەکەن.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمه‌ریکا ، چەکدارەکانى داعش زۆربەى شوێنە گشتیەکانى ناو ناحیەى سەعدیەیان بۆمبڕێژکردووە و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراویشیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەى بە هێزەکانى پـێشمەرگە و سوپادا بیتەقێننەوە لە کاتى پـێشڕەویاندا بەرەو ناو ناحیەکە.

ئەحمەد زرگۆشى بەڕێوەبەرى ناحیەى سەعدیە ، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"چەکدارەکانى داعش لە نێو جەلەولا و سەعدیە ژمارەیان زۆر نیـیە ، بەڵام ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراویان زۆر ئامادەکردووە و کۆنترۆڵکردنى ئەو دوو ناحیەیە پـێویستى بە ئەندازیارى پوچەڵکردنەوەى بۆمبە".

سوپاى عێراق و پێشمەرگە نزیکەى 10 کیلۆمەتر لە ناوچەى ئیمام وەیس پێشڕەویـیان کردووە و دەوروبەرى ناحیەى سەعدیەیان لەدیوى خۆرهەڵاتەوە لە چەکدارەکانى داعش پاککردووەتەوە.

لیوا محەمەد قادر جێگرى فەرماندەى میحوەرى گەرمەسێرى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات لە کاتى کۆنترۆڵکردنى ناوچەى ئیمام وەیسدا ژمارەیەک بۆمبیان پوچەڵکردووەتەوە، دەڵێت"چەکدارەکانى داعش کە لەناو جەلەولا و سەعدیەدان ژمارەیان 400 چەکدار دەبێت".

هاوکات لەگەڵ پـێشڕەویەکانى پـێشمەرگە و سوپاى عێراق بەرەو ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێزەکانى ئاسایشى گەرمیان لە زۆربەى شاروشارۆچکەکاندا رێوشوێنى ئەمنى توندیان گرتەبەر و هۆکارى گرتنەبەرى رێوشوێنى ئەمنیش بۆ دزەکردنى ئۆتۆمبیلى بۆمبڕێژکراو بۆ ناوچەکەیان دەگێڕنەوە.

جەلال نورى قایمقامى قەزاى کەلارى ناوەندى ئیدارەى گەرمیان، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"ناوچەى گەرمیان هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵى داعشدا و هەندێک زانیاریش لە بارەى دزەکردنى ئۆتۆمبیلى بۆمبڕێژکراوەوە گەیشتووە بە دەزگا ئەمنیەکان، بۆیە رێوشوێنى توندگیراوەتەبەر".

پـێشڕەویەکانى سوپا و پێشمەرگە لە قۆڵى پارێزگاى دیالە و گرتنه‌بەرى رێوشوێنى ئەمنى لە ناوچەى گەرمیان ، هاوکاتە لەگەڵ روودانى تەقینەوەکەى هەولێردا کە گیان لەدەستدانى پێنج هاوڵاتى و برینداربوونى ژمارەیەک هاوڵاتى ترى لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG