Accessibility links

داعش له‌ ڕۆژئاوای ڕه‌بیعه‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر پـێشـمه‌رگه‌ و 28 چه‌کداری لێده‌کوژرێت

  • ئه‌میر گۆران

لە دوو قوڵەوە و لە بازگەى میزان و ناوچەى عوێناتى رۆژئاواى رەبیعە چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش ) هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و شەڕێکى 7 کاژمێری لە نێوانیاندا ڕوویدا. هاوکات فڕۆکەى جەنگیەکانى هاوپەیمانان بۆردومانى مۆڵگەکانى داعشیان کرد.

لە بارەى ڕووداوەکانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ رەبیعە، عەقید ڕوکن عادل جەبار، جێگرى فەرماندەى لیواى هەشتى پێشمەرگە تایبەت بۆ دەنگى ئەمه‌ریکا گوتى لە ئاکامى ئەو شەڕە 28 چەکدارى داعش کوژران و 6 ئۆتۆمبیلى سەربازى و 3 هەمەریان سوتاندووە و دەستیشیان گرتوە بەسەر ژمارەیەکى زۆرى کەل و پەلى سەربازى و چەک و تەقەمەنی. سەرچاوەکە ئاماژەى بە زیانەکانى پێشمەرگەش کردو گوتى 8 پـێشمەرگە گیانیان له‌ده‌سـتداوه‌ کە دوو ئەفسەر بە پلەکانى عەمید و رائید لە نێویاندان.

لە رۆژئاواى بەنداوى موسڵیش داعش هێرشى کردە سەر پـێشمەرگە و شەڕێکى توند لە نێویاندا ڕوویدا بە گوتەى کاربەدەستانى پـێشمەرگە بە هاوکارى لەگەڵ فڕۆکە جەنگیەکانى هاوپەیمانان توانیویانە هێرشەکانی داعش تێکبشکێنن.

لە سەنتەرى شارى موسڵیش شەوى رابردوو فڕۆکە جەنگیـیەکانى هاوپەیمانان چەندین مۆڵگەى داعشیان پێکاوه‌، لەوانە ئەکادیمای پۆلیس و کارگەى رستن و چنین و بارەگاى پۆلیسى ئوم رەبیعەین. شاهێد حاڵ لەناو موسڵەوە بۆ دەنگى ئەمه‌ریکایان راگەیاند ئەو شوێنانە خاپور کران و دەیان چەکدارى داعش کوژراون .

XS
SM
MD
LG