Accessibility links

عه‌بادی بۆ فڕۆکه‌ ڕووسیـیه‌ چه‌ک هه‌ڵگره‌که‌ لیژنه‌یه‌کی لێـکۆڵینه‌وه‌ پـێـکده‌هێنێت


سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی لیژنه‌ی لێـکۆڵینه‌وه‌ی بۆ ئه‌و فڕۆکه‌ ڕووسیـیه‌ پـێـکهێنا که‌ هه‌ڵگری جبه‌خانه‌یه‌کی چه‌ک بوو که‌ سه‌ره‌تا هه‌وڵی نیشـتنه‌وه‌ی دابوو له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و پاش ڕێگه‌پـێنه‌دانی له‌ ئاسمانی ئه‌و فڕۆکه‌خانه‌یه‌ به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا ئاڕاسته‌ی گۆڕی و دواتریش له‌ نیشتنه‌وه‌یدا ده‌رکه‌وت فڕۆکه‌که‌ هه‌ڵگری بارێـکی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیـیه‌ که‌ نزیکه‌ی 40 تۆن چه‌کی جۆراوجۆری هه‌ڵگرتووه‌.

حاکم زاملی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌و فڕۆکه‌یه‌ ده‌سـتیپـێـکردووه‌ و گومان له‌وه‌دا نیـیه‌ مۆڵه‌تی هاتنی ئه‌و چه‌کانه‌ی نیـیه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیش له‌سه‌ر هاتنی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ له‌ لێـکۆڵینه‌وه‌دا ده‌بن بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاسـتیـیه‌کان.

حاکم زامل ده‌ڵێت" ئه‌م باری چه‌که،‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێی تێبگه‌ین بۆ داعشه‌ و بۆ تێرۆره‌ که‌ هاوڵاتیانی کورد و عه‌ره‌ب و سووننه‌ و شیعه‌ ده‌کوژێت. ئێمه‌ له‌م بابه‌ته‌ بێ ده‌نگ نابین، چونکه‌ مه‌ترسیـیه‌کی ئێجگار گه‌وره‌یه‌، لێـکۆڵینه‌وه‌کانیش به‌رده‌وام ده‌بن هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ڕاسـتی ئه‌م چه‌کانه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ داوایان کردووه‌ و ئه‌و ده‌سـته‌شی تێوه‌ی‌گلاوه‌ له‌ کڕینی و فرۆشتنی ده‌بێت ئاشکرا بکرێن."

سه‌عه‌د حه‌دیسی گوته‌بێژی نووسینگه‌ی عه‌بادی له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی داوه‌ و ده‌ڵێت فڕۆکه‌که‌ به‌ ناچاری په‌نای بۆ فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا بردووه‌ و مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی سووته‌مه‌نی بووه‌. حه‌دیسی ده‌شڵێت له‌ کاتی نیشتنه‌وه‌شیدا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لێپـرسراوانی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا نه‌کردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاته‌شی که‌ لێوه‌ی هاتووه‌ ئاگاداری نیشتنه‌وه‌که‌ی نه‌بووه‌ له‌ به‌غدا.

گوته‌بێژی نووسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌ فڕۆکه‌ ڕووسیـیه‌که‌ و تاقمی فڕۆکه‌وانی له‌ لایه‌ن هێزی ئه‌منی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ ده‌سـتبه‌سه‌رکراون و لێـکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون له‌ باره‌ی هاتنی ئه‌م فڕۆکه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ که‌ له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌وه‌ ئاسمانی عێراقی پـێشـێلکردووه‌ و سه‌ر به‌ کۆمپانیایه‌کی ڕووسی‌یه‌ و 40 تۆن چه‌کی جۆراوجۆری وه‌ک بار هه‌ڵگرتووه‌.

XS
SM
MD
LG