Accessibility links

مەسعود بارزانى بۆ فەرماندە سەربازیەکانى گەرمەسێر: بەردەوام دەبین لە هێرش


ئەمڕۆ مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى قەزاى خانەقینى کرد و لەگەڵ فەرماندەکانى هێزى پێشمەرگەدا کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەختى لەسەر بەردەوامبوونى هێرشەکانى پێشمەرگە بۆ سەر داعش کردەوە.

سەردانە کت‌وپڕەکەى مەسعود بارزانى بۆ قەزاى خانەقین ، لە کاتێکدایە پێشمەرگە ئامادەکارى دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ناحیەى جەلەولا و دەرهێنانى ئەو ناحیەیە لە ژێر کۆنترۆڵى داعش، هەروەها سوپاى عێراقیش لە باشورى ناحیەکەوە پێشڕەوى کردووە و لە زنجیرە چیاکانى حەمرین نزیکبووەتەوە.

عەمید ئەحمەد لەتیف وتەبێژى فەرمى هێزى پێشمەرگە لە میحوەرى گەرمەسێر ، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"سەرۆکى هەرێم بە فەرماندەکانى پێشمەرگەى راگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر داعش هه‌تا ئەو کاتەى تەواوى ناوچە کوردستانیە جێ‌ناکۆکەکان کۆنترۆڵ دەکەنەوە".

لە ئێستادا هەماهەنگى لە نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگەدا لە پارێزگاى دیالە هەیە و سوپا لە باشورەوە و پێشمەرگەوە لە باکورەوە پێشڕەویان کردووە و چەکدارەکانى داعشیان لەناو هەردوو ناحیەى جەلەولا و سەعدیەدا گەمارۆ داوە.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمه‌ریکا ، سەردانە کت‌وپڕەکەى مەسعود بارزانى بۆ خانەقین ، بۆ ئەوەبووە هه‌تا پێشمەرگە پەلە بکات لە گرتنەوەى ناوچە دابڕاوەکانى پارێزگاى دیالە ، پێش ئەوەى سوپاى عێراق لە باشورەوە بگاتە ئەو ناوچانە.

ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا ، ئاماژەی بەوە دەات هەماهەنگى لە نێوان هیێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراقدا هەیە، دەڵێت"دڵنیام بەم نزیکانە جەلەولا رزگار دەکرێت".

هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان بۆ گرتنەوەى ناوچە دابڕاوەکان و دەرهێنانى ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵى داعش ، لە کاتێکدایە هەرێمى کوردستان هێزێکى زۆرى لە تەواوى ناوچە دابڕاوەکان جێگیر کردووە و حکومەتى عێراقیش لە پارێزگاى دیالەوە سوپاى بەرەو ناوچە کوردستانیەکان جوڵە پێکردووە.

XS
SM
MD
LG