Accessibility links

بریکارى وەزیرى ناوخۆى هەرێم: بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنى لە رێگەى فڕۆکەخانەکانەوە گەیەنراونەتە هەرێم


بریکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاشکرای دەکات حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رەزامەندى نورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنى بۆ پۆلیسى نەوت و گازى هەرێم لە وڵاتان کڕیووە، دەڵێت"بەڵام زانیاری لەبارەى ئەو فڕۆکانەوە نیـیە کە لە چەند رۆژى رابروودا چەک و تەقەمەنیان بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى هێناوە".

دوێنێ پێنجشەممە فڕۆکەیەکى سەربازى کە بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنى لە وڵاتى چیکەوە هێنابوو ویستى لە فڕۆکەخانەى سلێمانى بنیشێتەوە، بەڵام دواى رێگەپێنەدانى ، ڕووى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا کرد و لە ئێستادا حکومەتى بەغدا دەستى بەسەر تەواوى ئەو چەک و تەقەمەنیانەدا گرتووە.

جەلال شێخ کەریم بریکارى وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێم، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"هاوینى رابردوو بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنى کە بۆ پۆلیسى نەوت و گاز کڕدرابوو لە رێگەى فڕۆکەخانەکانەوە گەیەنراونەتە هەرێم".

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمه‌ریکا ، ئەمڕۆ هەینى دوو فڕۆکەى سەربازى تر لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى نیشتوونەتەوە و گومان دەکرێت بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنیان پێبووبێت، بەڵام هه‌تا ئێستا بەرپرسانى هەرێم هیچ لێدوانێکیان لەبارەى ئەو فرۆکانەوە نەداوە.

جەلال شێخ کەریم بریکارى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم، بێ ئاگایى خۆى لەو فرۆکە سەربازیانە نیشان دەدات کە لە ئەمڕۆ و دوێنى چەک و تەقەمەنیان بۆ هەرێم هێناوە.

مەحمود عومەر ئەندامى لیژنەى پێشمەرگەى پەرلەمانى کوردستان ، ئاماژە بەوە دەکات ئەو فڕۆکەیەى رێگەى پێنەدراوە لە فڕۆکەخانەى سلێمانى بنیشێتەوە، بڕێکى زۆر چەک و تەقەمەنى پێبووە، هۆکارى رێگەنەدان بۆ نیشتەوەشى بۆ ململانێکانى نێو یەکێتى دەگێرێتەوە.

مەحمود عومەر بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند" ئێستا بەرپرسانى یەکێتى پەشیمانن لەوەى رێگەیان بە نیشتنەوەى ئەو فڕۆکە نەداوە کە بە ناچارى بەرەو بەغدا رۆیشتووە، چونکە رۆیشتنى ئەو فڕۆکە نهێنى گەورە بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات و هەرێم عەیبدار دەکات".

هاتنى بە لێشاوى فڕۆکەى سەربازى لە وڵاتانى دەرەوە بۆ هەرێم لەلایەن راگەیاندنى کوردى عێراقیەوە شیکردنەوەى جیاوازى بۆ دەکرێت، بەشێکیان پێیانوایە ئەو چەکانە بۆ کۆبانی هێنراون ، بەڵام بەشەکەى تریان دەڵێن ئەو چەکانە بۆ ئەوە هێنراون لە بەرامبەر نەوتى رەشدا بە داعش بفرۆشرێت، لەم نێوەندەشدا بەرپرسانى هەرێم هه‌تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکى فەرمیان نەداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:39 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG