Accessibility links

په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق ناردنی هێزی پـێشـمه‌رگه‌ بۆ کۆبانی په‌سه‌ندده‌کات


رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی ناردنی هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستان بۆ شاری كۆبانی‌، بە مەبەستی شەڕكردن لە دژی داعش، دانیشتنێكی سازكرد.

لەو دانیشتنەدا که‌ بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكان به‌ڕێوه‌چوو، پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی لەسەر بڕیاری ناردنی هێز بۆ شاری كۆبانی‌ كرد و بە كۆی دەنگ بڕیار درا هێزی پێشمەرگەی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ڕەوانەی ئەم شارەی ڕۆژئاوای كوردستان بكرێت، بۆ شەڕكردن دژ بە داعش. ئەم بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوە هات كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاداشتێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردبوو و تێدا داوای كردبوو پرسی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی تاووتوێ بكەن.

دوای پەسەندكردنی بڕیارەكەش، دكتۆر یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق گوتارێكی بەم بۆنەیەوە پێشكەشكرد و تیایدا پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كورد كرد و پەسەندكردنی ئەم بڕیارەكەش بە وەرچەرخانێكی مێژوویی لە قەڵەمدا و دواتر پەرلەمانتاران بە چەپڵەڕێزان و گوتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب پـێشوازیان لەم بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان كرد.

مستەفا سەید قادر وەزیری‌ پێشمەرگەی‌ هەرێمی‌ كوردستان، لە دوای‌ كۆبوونەوەكەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و بڕیاری‌ ناردنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بۆ شاری كۆبانی رۆژئاوای كوردستان، لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند خۆمان بڕیار لەسەر ناردنی‌ ژمارەی‌ پێشمەرگە و مانەوەیان لەوێ‌ دەدەین. ئەو چەكانەی‌ كە پێویست بێ لەگەڵ پێشمەرگە دەینێرین.لەبارەی‌ هەڵوێستی‌ هەرێمی‌ كوردستان و وەزارەتی‌ پێشمەرگە بۆ كۆبانێ‌، مستەفای‌ سەید قادر ڕایگەیاند لەگەڵ دەستپێكردنی‌ مەترسیەكانی‌ كۆبانێ‌ هەرێمی‌ كوردستان بە شێوەیەكی‌ گشتی‌ لەڕێگەی‌ بەیاننامە و ڕاگەیاندنەوە پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ كۆبانی‌ راگەیاندووە و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم هەڵوێستە و ناردنی‌ پێشمەرگە هەر لەم ڕوانگەیه‌وە. لەسەر هەڵوێستی‌ حكومەتی‌ سوریاوە وەزیری‌ پێشمەرگە گوتی ‌هه‌تا ئێستا سوریا بە شێوەیەكی‌ فەرمی لەو باریەوە هیچی‌ ڕانەگەیاندوە.

زانیاری زیاتر لەم ڕاپۆرته‌دایه‌ که‌ له‌ لایه‌ن ئەحمەد زێباری پەیامنێری دەنگی ئەمەریكا لە هەولێر ئاماده‌کراوه‌.

XS
SM
MD
LG