بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەمە ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش دواى بۆمب بارانکردنى ناحیەى قەرەتەپە و گوندەکانى باشورى ئەو ناحیەیە، هێرشیانکردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە و چەند گوندێکیان کۆنترۆڵکرد ، بەڵام دوا نیوەرۆ پێشمەرگە چەکدارەکانى داعشى تێکشکاندووە و لە ناحیەکە دووریخستوونەتەوە.
بەهۆى بۆمبارانکردنى ناحیەى قەرەتەپە لە لایەن چەکدارەکانى داعش و نزیکبوونەوەى شەڕ لە دەروازەى ناحیەکە ، دانیشتوانى قەرەتەپە بەکۆمەڵ ناحیەکەیان چۆڵکردووەو ڕوویان لە ناوچەکانى کەلار و کفرى و خانەقین کردووە.
سەبارەت بە زیانە گیانیەکانى بۆمب بارانکردنى قەرەتەپە لەلایەن داعشەوە، نەقیب فەرەیدون ئەحمەد بەرێوەبەرى ئاسایشى قەرەتەپە بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"لە ئەنجامى بۆمب بارانکردنى ناحیەکە ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک هاوڵاتیش بریندار بوون ، دانیشتوانى ناحیەکەش ناحیەکەیان چۆڵکرد".
ئەو چەکدارانەى داعش کە ئەمڕۆ دوو شەمە ناحیەى قەرەتەپەیان بۆمب بارانکرد و دواتر هێرشیانکردە سەر پێشمەرگە لە زنجیرە چیاکانى حەمرینەوە هاتبوونە ناوچەکە.
بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمریکا، چەکدارەکان تا پێش نیوەڕۆ لە پێشرەوى دا بوون و ژمارەیەک گوندیان لەباشورى قەرەتەپە کۆنترۆڵکردووە ، بەڵام چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر هێزێکى زۆرى پێشمەرگە رەوانەى ناوچەکە کراوە و داعش تێکشکێنراوە و لە ناحیەکە دوور خراوەتەوە.
رەحیم عەزیز سەرۆکى ئەنجومەنى شارەوانى قەرەتەپە ، بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند"شەڕ لە نێوان هێزى پێشمەرگە و چەکدارەکانى داعش بەردەوامى هەیە، پێشمەرگە ئەو ناوچانەى لە ژێر کۆنترۆڵى داعش دەرهێناوە کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ کۆنترۆڵیان کردبوو".
پەلاماردانى ناحیەى قەرەتەپە لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە ، لەکاتێکدایە سێ چەکدارى داعش لە نێو قەزاى خانەقین دا دەستگیرکراون و هێزە ئەمنیەکانى هەرێمى کوردستان گومانیان هەیە چەکدارانى داعش لە رێگەى ئاوارە عەرەبەکانەوە دزەیانکردبێتە نێو ناحیەى قەرەتەپە و قەزاى خانەقینەوە.