Accessibility links

فڕۆکه‌ی ئه‌مه‌ریکایی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و پـێدوایستی پـزیشـکی بۆ شه‌ڕوانانی کوردی کۆبانی ڕه‌وانه‌ ده‌کات

  • VOA News

فڕۆکه‌ی جۆری C130

فڕۆکه‌ی جۆری C130

فه‌رمانده‌یه‌تی له‌شکری ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ هێزه‌کانی کوردی له‌ کۆبانی ناردووه‌ تاوه‌کو بتوانن داعش له‌و ناوچه‌یه‌ بـشکێنن.

فڕۆکه‌ی گه‌وره‌ی له‌شـکری جۆری C-130 ی ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ کاتی کوردستان چه‌ند جارێـک چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و پـێداویسـتی پـزیشـکی که‌ له‌ لایه‌ن هه‌رێمی کوردسـتانی عێراقه‌وه‌ دابینکراون بۆ شه‌ڕوانانی کوردی له‌ کۆبانی هه‌ڵداوه‌ته‌ خوارێ.

کاربه‌ده‌سـتێکی له‌شـکری گوتویه‌تی سێ فڕۆکه‌ی جۆری C-130 له‌سه‌ر ئاسمانی کۆبانیـیه‌وه‌ 27 باری گه‌وره‌ی پـڕ له‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و داوده‌رمان و پـێداویسـتی پـزیشکیـیان بۆ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ هه‌ڵداوه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی تورکیا کرد و مه‌سه‌له‌ی کۆبانی له‌گه‌ڵ تاووتوێ کرد.

پـێشـتر ئه‌ردۆغان گوتبووی" ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی دیکه‌ی ناتۆ زۆر زۆر هه‌ڵه‌ن ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێ بکه‌ن‌ حکومه‌تی تورکیا بڵێت (به‌ڵێ) چه‌ک به‌ هێزه‌ کوردیـیه‌کان ده‌ده‌ین. شتێـکی له‌و شێوه‌یه‌ هه‌رگیز نابێت."

ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت بۆ تورکیا یه‌په‌گه‌ و په‌که‌که‌ وه‌کو یه‌کن و هیچ جیاوازیـیه‌کیان نیـیه‌.

XS
SM
MD
LG