جه‌نه‌ڕاڵ لوید ئۆستن سه‌رۆکی فه‌رمانده‌یه‌تی ناوه‌ندی له‌شکری ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت سه‌نگیـیان خستووه‌ته سه‌ر شاری کۆبانی، چونکه داعش هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆ گرتنی ئه‌و شاره چڕکردووه و هه‌وڵ ده‌دات هێزی زیاتری بۆ ڕه‌وانه بکات، ئه‌مه‌ش شتێـکی باشه بۆ ئه‌وان چونکه له‌و هێزانه ده‌ده‌ن.
جه‌نه‌ڕاڵ لوید ئۆستن ڕۆژی هه‌ینی له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا بۆ په‌یامنێران ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی هێرشه ئاسـمانیـیه‌کانی هاوپه‌یمانان ئه‌نجامی باشیان هه‌بووه و تواناکانی داعشی لاوازکردووه و هاتوچۆکردنیشی سه‌خت کردووه. گوتیشی ئه‌گه‌ربێت و داعش له کۆبانی لاواز بکه‌ین، ئه‌وا به شێوه‌یه‌کی گشـتی کاریگه‌ری بۆ سه‌ری ده‌بێت.
گوتیشی به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی هێرشی ئاسـمانیـیه‌وه یارمه‌تی هێزه کوردیـیه‌کان ده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش وایکردووه چه‌ند ناوچه‌یه‌ک بگرنه‌وه که پـێشـتر داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرتبوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یشارده‌وه که ڕه‌نگه کۆبانی بکه‌وێته ده‌سـتی داعشه‌وه.
هه‌روه‌ها باسی له عێراقیش کرد و گوتی سه‌خته بزانرێت که‌ی هێزه‌کانی عێراق ده‌توانن تواناکانی خۆیان به‌ده‌سـتبهێنـنه‌وه، به‌ڵام ئاماژه‌ی بۆ هێزه‌کانی پـێشـمه‌رگه کرد و گوتی کاری زۆر باشیان کردووه، له‌وانه به‌نداوی موسڵیان له ژێر ده‌سـتی داعش ده‌رهێنا و به‌رده‌وامیشن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له ده‌سـتیان داون.