Accessibility links

پلانى حکومه‌تی عێراق بۆ دورخستنەوەى داعش لە بەغدا ئاشکرا دەبێت


حکومەتى عێراقى هێزێکى گەورەى سوپا و رێکخراوى بەدر و چەکدارە شیعیە خۆبەخشەکان لە قەزاى خورماتووەوە بەرە و شارى تکریت و قەزاى بێجى جوڵە پێدەکات ، دەیەوێت لەم رێگەیەوە بەر بە پێشرەوى داعش بەرەو بەغدا بگرێت و شەڕەکە لە ناوچەکانى نزیک بەغداوە بۆ پارێزگاى سەڵاحەدین بگوێزێتەوە.

ئەمڕۆ هەینى سوپاى عێراق و هێزە خۆبەخشەکان لە رۆژهەڵاتى خورماتووەوە چل کیلۆمەتر پێشرەویان کردووە، بەڵام لەگەڵ داعش دا رووبەرووى پێکدادان نەبوونەتەوە بەو پێ یەى پێشتر داعش لەو ناوچانە کشاونەتەوە.

سەبارەت بە رۆیشتنى سوپا و هێزە شیعیەکان بۆ پارێزگاى سەڵاحەدین ، مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"ناوچەکانى رۆژهەڵاتى خورماتوو کە پێشمەرگە و سوپا و چەکدارە شیعیەکانى تێرۆیشتوون پێشتر لەلایەن داعشەوە چۆڵکراون".

جوڵەکردنى هێزێکى گەورەى سوپا و چەکدارە شیعیە خۆبەخشەکان ، لەکاتێکدایە هەندێک راگەیاندنى کوردى ئەمڕۆ هەینى بڵاویانکردووەتەوە کە گوایە هێزێکى گەورەى ترى شیعى لە فرۆکەخانەى کەرکوک دابەزیوون، بەڵام وەستا رەسوڵ بەرپرسى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە لەلێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمریکا ئەو هەواڵانەى رەتکردەوە.

بەوتەى مەلا حەسەن محەمەدى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، هاوکات لەگەڵ جوڵەکردنى سوپا و چەکدارە شیعیەکان دا فرۆکەى جەنگى ناوچەکانى دەوروبەرى بێجى و تکریت ى بۆردومانکردووە، دەڵێت"سوپا و چەکدارە شیعیەکان پلانى گەمارۆدانى شارى تکریت یان هەیە".

مەلا حەسەن وتیشى"سوپا و هێزە شیعیەکان بە ئاراستەى تکریت و بێجى دا رۆیشتوون و دەیانەوێت ئەو ناوچانە لە داعش پاک بکەنەوە".

ناردنى هێزێکى زۆرى سوپا و چەکدارە شیعیە خۆبەخشەکان بۆ پارێزگاى تکریت ، لەکاتێکدایە چەکدارەکانى داعش تەواو لە شارى بەغدا نزیکبوونەتەوە و پلان بۆ پەلاماردانى پایتەختى عێراق دادەرێژن.

بەبرواى دکتۆر خامۆش عومەر مامۆستاى زانکۆ و چاودێرى سیاسى، حکومەتى عێراق لە رێگەى گواستنەوەى شەڕ بۆ دیالە و سەڵاحەدین دەیەوێت فشارى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر بەغدا کەمبکاتەوە.

دکتۆر خامۆش عومەر بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"گەیشتنى داعش بە بەغدا ى پایتەخت بەواتاى کۆتایى هاتنى پرۆسەى سیاسى دێت لە عێراق دا ، بۆیە شیعەکان دەیانەوێت لە رێگەى کردنەوەى بەرەى ترى شەرەوە بەغدا لەپەلاماردانى داعش بپارێزن".

هەوڵەکانى سوپاى عێراق و چەکدارە شیعیەکان بۆ گواستنەوەى شەڕ بۆ پارێزگاى سەڵاحەدین ، لەکاتێکدایە سوپاى عێراق لە تەواوى ئەو پارێزگایە وەدەر نراوە، بۆیە چەکدارە شیعیەکان رێگەى هەرێمى کوردستانیان بۆ چوونە سنورەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش هەڵبژاردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG