Accessibility links

پـشـتیوانی خه‌ڵکی که‌رکوک بۆ کۆبانی و ده‌سـتپـێـکردنی جموجۆڵه‌کانی داعش


هاوکات لەگەڵ مانگرتنە سەر تاسەریەکەى پارێزگاى کەرکوک دا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکى کۆبانێ ، چەکدارەکانى داعش لە دەوروبەرى ئەو پارێزگایە جم و جۆڵیان دەستپێکردووە و ژمارەى هێزەکانیان زیادکردووە.

لە کاتێکدا کە دوێنێ پێنجشەممە دانیشتوانى کەرکوک لە رێگەى داخستنى دوکانەکانیان بۆ ماوەى کاتژمێرێک و راگرتنى ئۆتۆمبێل و مانگرتن لەخواردن ئیدانەى هێرشەکانى داعشیان بۆ سەر کۆبانێ کرد ، لەوکاتەدا داعش لە دەوروبەرى کەرکوک جم و جۆڵى دەستپێکردووە.

سەبارەت بە جم و جۆڵەکانى داعش لە دەوروبەرى کەرکوک ، عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک ، بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"هێزەکانى ئێمە و داعش لە یەکتریەوە نزیکە و لەهەندێک جێگە تەنها چەند سەد مەترێک نێوانمانە ، ئەوان جم و جۆڵیان دەستپێکردووە و پێشمەرگە و پۆلیسیش هەموو ئامادەکاریان بۆ رووبەروو بوونەوەى هەر ئەگەر کردووە".

خۆپیشاندان و مانگرتنە سەرتاسەریەکەى پارێزگاى کەرکوک لەلایەن رێکخراوە حیزبى و رێکخراوە ناحکومیەکانەوە ئەنجامدراو سەرجەم لایەنە کوردیەکانیش بەشداریان تێدا کرد.

رزگار حاجى حەمە بەرپرسى رێکخراوەکانى یەکێتى لەکەرکوک ، ئاماژەبەوەدەکات ئەو هاوڵاتیە تورکمان و عەرەبانەى کە باوەریان بە پێگەوە ژیان هەیە بەشداریان لە نارەزایەتیەکەى کەرکوک دا کردووە.

رزگار حاجى حەمە بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"لەو مانگرتنەدا کە بۆ پاڵپشتى خەڵکى کۆبانێ ئەنجامدرا جگە لەبرا تورکمان و عەرەبەکان تەنانەت کریستیان و مەسیحیەکانیش بەشدار بوون لەگەڵماندا".

بەڵام عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لەکەرکوک کە رێکخراوەکانى سەربە حیزبەکەى بەشداربوون لەمانگرتنەکەدا ، هەرچەندە مانگرتنەکەى بە مانگرتنێکى سەرکەوتوو وەسفکرد، بەڵام رەخنەى ئەوەش دەگرێت هەوڵى بەحیزبى کردنى دراوە.

عەدنان کەرکوکى بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"لەوانەیە هەندێک لایەن هەوڵى بەحیزبى کردنى مانگرتنەکەیان دابێت بەرپرسەکانیان بۆ خۆ دەرخستن یان هەر هۆیەکى تر بێت سەردانى بازاریان کردبێت ، بەڵام وەکو پارتى بەشدارى کاریگەرمان کرد".

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکەى کەرکوک دا، دانیشتوانى قەزاى کفرى رۆژهەڵاتى کەرکوکیش دژى هێرشەکانى داعش بۆ سەر کۆبانێ رژانە سەر شەقام و لە خۆپیشاندانەکەیاندا ئاڵاى تورکیایان سوتاند.

دەربارەى هۆکارى سوتاندنى ئاڵاى تورکیا ، ئاکۆ عەلى یەکێک لە ئەنجامدەرانى خۆپیشاندانەکەى قەزاى کفرى بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"سوتاندنى ئاڵاى تورکیا بەهۆى ئەوەوە بوو کە ئەو وڵاتە هاوکارى لۆجستى و چەک و تەقەمەنى داعش دەکات و بریندارەکانیان چارەسەر دەکات ، ئامانجى لەم کارە بۆ لەناوبردنى کوردە نەک خستنى رژێمى ئەسەد".

پشتگیرى کردنى خەڵکى کەرکوک لە کۆبانێ ، لەکاتێکدایە پارێزگاکەیان هاوشێوەى کۆبانێ لە ژێر هەڕەشەى چەکدارەکانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شامدایە.

XS
SM
MD
LG